Accessibility links

پزشکیان ستایشی چین و ڕووسیا دەکات و ڕەخنە لە ئەمەریکا دەگرێت


سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران مەسعود پزشکیان
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران مەسعود پزشکیان

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران مەسعود پزشکیان ڕۆژی شەممە 13ی مانگی حەوت لە یاداشتێکدا بە ناوی "پەیامی من بۆ جیهانی نوێ" ستایشی سیاسەتی دۆستایەتی لەگەڵ چین و ڕووسیا کرد و گوتی حکومەتەکەی ئامادەیە بۆ گفتوگۆی بنیاتنەر لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپایی و هەروەها ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرت و داوای کرد سیاسەتێکی نوێ بەرامبەر ئێران بگرێتەبەر.

پزشکیان کە لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا بەسەر کاندیدێکی توندڕەوەکاندا سەرکەوتنی بە دەستهێنا، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێران هەوڵی بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات، وتیشی تاران پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانیدا فراوانتر دەکات و لەگەڵ ئەوروپادا گفتوگۆ دەکات.

پزشکیان لە نووسینکەیدا دەڵێت 'ئەمەریکا پێویستە ڕاستییەکە بزانێت و تێبگات، ئێران وەڵامی فشار ناداتەوە و ڕێبازی بەرگریی ئێران چەکی ئەتۆمی تێدا نیە."

پزشکیانی تەمەن 69 ساڵ کە پزیشکی نەشتەرگەری دڵە، بەڵێنی هاندانی سیاسەتێکی دەرەوەی کرداریی داوە، هەروەها بەڵێنیداوە گرژییەکان لەسەر گفتوگۆکان سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 کەم بکاتەوە کە لە ئێستادا چەقییان بەستووە، هەروەها بەڵێنیداوە ئازادی کۆمەڵایەتی و چەندایەتی سیاسیی باشتر بکات.

بەڵام زۆرێک لە ئێرانییەکان گومانییان هەیە لە توانای پزشکیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە لە ماوەی بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکاندا داونی، چونکە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی گەورەترین دەسەڵاتە لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا و دوایین بڕیارەکان لەسەر پرسە گرنگەکانی وڵات لەلای خۆیەتی.

پزشکیان وتی " چین و ڕووسیا بەردەوام لە کاتە سەختەکاندا لە پاڵماندا وەستاون. ڕووسیا هاوپەیمانێکی بەنرخی ستراتیژی و دراوسێیەکی ئێرانە و بەڕێوبەرایەتییەکەم پابەند دەبێت بە فراوانکردن و پتەوکردنی هاریکارییەکانی نێوانمان." وتیشی تاران چالاکانە پشتگیری لە هەوڵەکان دەکات بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.

وتیشی " گەلی ئێران متمانەی خۆیان داوە بە من تاوەکو ماندوونەناسانە هەوڵی پەیوەندی بونیادنەر بدەم لەسەر ئاستی جیهان و لە هەمان کاتیشدا سووربوون لەسەر ماف و شکۆ و ڕۆڵە شایستەکەمان لە ناوچەکە و جیهاندا."

وتی " بانگهێشتی هەموو ئەوانە دەکەم کە دەیانەوێت پەیوەندیمان پێوە بکەن و بەشدار بن لەم ئەرکە مێژووییەدا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG