دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویکردەوە سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان ڕۆژی چوارشەممە سەردانی عێراق دەکات، ئەمەش یەکەمین سەردانی دەرەوەی دەبێت دوای ئەوەی لە مانگی حەوتدا وەکو سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرا.
پزیشکیان سەرکردایەتی شاندێکی باڵای ئێرانی دەکات بۆ بەغداد و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقدا.
دەزگای هەواڵی فەڕمی ئیرنا لە زاری باڵیۆزی ئێران لە بەغداد کازم ئەل سادقەوە بڵاویکردەوە سەردانەکە لەسەر بانگهێشتی سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانییە.
وتیشی دوو وڵاتەکە یاداشتێکی لە یەکتر تێگەیشتن واژۆ دەکەن لەسەر هاریکارییەکان لە ڕووی ئاسایشەوە.
وتیشی دەبووایە ڕێککەوتنەکان لە ماوەی سەردانێکی پلان بۆ داڕێژراوی سەرۆکی پێشووی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسیدا بۆ عێراق واژۆ بکرانایە.
بەڵام ڕەئیسی لە مانگی پێنجدا لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئێراندا گیانی لە دەستدا.
پزیشکیان بەڵێنیداوە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بکاتە ئەرکی سەرەکی خۆی.
تاران یەکێکە لە هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی عێراق و کاریگەرییەکی سیاسیی گەورەی هەیە لە بەغداددا لە کاتێکدا کە پارتە هاوپەیمانەکانی زۆرینەن لە پەرلەمانی وڵاتەکە و حکومەتی ئێستای عێراقدا.
لە مانگی سێی ساڵی 2023 دا دوو وڵاتەکە ڕێککەوتنێکی ئاسایشییان واژۆ کرد سەبارەت بە سنوورەکەی نێوانییان، چەند مانگێک دوای ئەوە تاران لە باکووری عێراق لە گروپە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانیدا.
تاران گروپە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکان تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی هاوردەکردنی چەک لە عێراقەوە و دروستکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022 ی سەرانسەری ئێران کە بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵەوە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا سەریانهەڵدا.
لە مانگی یەکدا ئێران هێرشیکی ئاسمانی کوشندەی کردە سەر هەرێمی کوردستانی عێراق و وتی شوێنێکی کردووەتە ئامانج کە " لەلایەن سیخوڕەکانی موسادی ڕژێمی زایۆنییەوە " بەکارهێندراوە.
ڕۆژی شەممە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وتی یەکێک لە چالاکوانەکانی، بەهزاد خۆسرەوی، لە شاری سلێمانی دەستگیرکراوە و ڕادەستی " هەواڵگری ئێران " کراوە.
هێزەکانی ئاسایش وتییان خۆسرەوی دەستگیرکراوە چونکە " مۆڵەتی مانەوەی نەبووە لە هەرێمی کوردستاندا " و ڕەتی کردەوە خۆسرەوی هیچ پەیوەندییەکی بە " چالاکی سیاسییەوە " هەبووبێت.
سەرچاوە/ فرانس پرێس