Accessibility links

لە دووهەمین مشتومڕدا بەربژێرەکانی سەرۆکایەتی ئێران سەنگ دەخەنە سەر ئابووری


لە دووەهەمین مشتومڕی ڕاستەوخۆدا، شەش بەربژێری سەرۆکایەتی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە تاوتوێی کێشە ئابوورییەکانی وڵاتەکەیان کرد، ئەمەش پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکە کە بڕیارە لە 28 ی مانگی شەشدا بەڕێوەبچن.

بڕیارە سێ مشتومڕی دیکە پێش هەڵبژاردنەکان بۆ هەڵبژاردنی کەسێک بۆ جێگرتنەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی ئەنجام بدرێت. ڕەئیسی و حەوت کەسی دیکەی هاوەڵی لە مانگی پێنجدا لە ڕووداوێکی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیاندا گیانییان لە دەستدا.

هاوشێوەی مشتومڕی یەکەم، لەوەی دووەمیشدا تاوتوێی پرسەکانی پەیوەست بە ئابوورییەوە کرا، بەربژێرەکان باسییان لە پێشنیارەکانی خۆیان دەکرد بۆ ئابوورییە خراپەکەی ئێران کە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاواوە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە.

بەربژێرەکان تاوتوێی هەڵاوسانی ئابووری و کورتهێنانی بودجە و یارمەتییەکانی بەکارهێنانی سوتەمەنی و پەروەردە کرد. هەموویان بەڵێنییاندا وابکەن سزاکانی سەر وڵاتەکە لاببرێن و چاکسازیی پێشکەش بکەن، بەڵام هیچ کامێکییان وردەکاری بەرجەستەیان نەخستەڕوو.

بەربژێری دیار محەمەد باقر قالیبان سەبارەت بەوەی کارێک دەکات بۆ لابردنی سزاکانی ڕۆژئاوا لەسەر ئێران وتی " گفتوگۆکردن شێوازێکی خەباتکردنە." قالیبان پێشتر سەرۆکی شارەوانی تاران بووە و پەیوەندییەکی نزیکی هەیە لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێراندا.

هەروەها جەختی لە کاریگەرییە ڕووخێنەرەکانی سزاکان کردەوە لەسەر ئابووری و وتی ئێرانییەکان مافی خۆیانە ژیانێکی باشییان هەبێت، نەک تەنها ژیانێکی ئاسایی.

جێگری سەرۆکی ئێران ئەمیر حوسەین قەزیزادەر هاشمی تەمەن 53 ساڵ وتی بەردەوام دەبێت لە کارە تەواونەبووەکەی بەڕێوبەرایەتییەکەی ڕەئیسی و بەڵێنیدا پەرە بە کەرتی گەشتیاری و پیشەسازی بدات.

سەبارەت بە کەرتی تەندروستی و کۆچی پزیشکان و پەرستاران بۆ دەرەوەی وڵات، قالیباف وتی دەبێت گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بکرێت لە شێوازی موچەدان بە کارمەندانی تەندروستیدا، بە شێوەیەک کە هانییان بدات بمێننەوە و وڵاتەکە جێنەهێڵن.

گوایە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا زۆرێک لە پزیشک و پەرستارەکان ئێرانییان جهێشتووە بەهۆی قووڵبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکە و هەلومەرجی خراپی کارکردنەوە. داواکەی قالیباف بۆ بڕینەوەی موچەیەکی زیاتر بۆ کارمەندانی تەندروستی لەلایەن بەربژێرەکانی دیکەشەوە دووبارە کرایەوە.

سەرجەم بەربژێرەکان وتییان باوەڕییان وایە وەزارەتی پەروەردە گرنگترین بەشی حکومەتە چونکە " نەوەی دواتری وڵاتەکە لەم وەزارەتەدا پەروەردە دەکرێن." قالیباف وتی بودجەی ئەو وەزارەتە دەبێت زیاد بکرێت.

تەنها بەربژێری لایەنگری چاکسازی، مەسعود پەزیشکیان، کە لەلایەن کەسایەتییەکانی وەکو سەرۆکی پێشووی ئێران محەمەد خاتەمی و وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریفەوە پشتگیری لێدەکرێت، پێی وایە تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان پارتەکانی وڵاتەکە و فاکتەرە دەرەکییەکانە.

هەڵبژاردنەکانی 28 ی مانگی شەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا زیادییان کردووە، ئەوەش لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و دابینکردنی چەک بۆ ڕووسیا و سەرکوتکارییەکانی دژی دەنگە ناڕازییەکان، هەروەها پشتیوانییەکانی ئێران بۆ گروپە چەکدارییەکانی سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی پشتیوانییەکانی بۆ حوسییەکانی یەمەن کە بەردەوام هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG