Accessibility links

سەرچاوە هەواڵگرییەکان دەڵێن ئێران بە نیازە بەمزووانە سەدان موشەکی باڵیستیکی بدات بە ڕووسیا


دوو سەرچاوەی هەواڵگری ئەوروپایی بە ڕۆیتەرزییان وت دەیان سەربازی ڕووسیایی لە ئێران مەشقییان پێدەکرێت لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی سیستمی موشەکی باڵیستیکی مەودا نزیکی فەتح-360، وتیشی پێشبینی دەکەن بەمزووانە ئەو موشەکانە بگەیەندرێن بە ڕووسیا تاوەکو لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا بەکارییان بهێنێت.

دوو بەرپرسە هەواڵگرییەکە وتییان نوێنەرانی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا باوەڕوایە لە 13 ی مانگی دوانزەدا لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا گرێبەستێکییان واژۆ کردبێت بۆ فەتح-360 و سیستمێکی دیکەی موشەکی باڵیستیکی کە لەلایەن ڕێکخراوی پیشەسازییەکانی فڕۆکەوانی سەر حکومەتی ئێرانەوە دروستکراوە. گرێبەستەکە بە ئەبابیل ناسراوە.

بەرپرسەکان لە زاری چەندین سەرچاوەی هەواڵگری نهێنییەوە وتییان سەربازە ڕووسیاییەکان سەردانی ئێرانییان کردووە بە مەبەستی فێربوونی چۆنێتی بەکارهێنانی سیستمی بەرگری فەتح-360، کە بە مەودای 120 کم موشەک هەڵدەدات و کڵاوەیەکی 150 کیلۆگرامی لەسەرە. یەکێک لە سەرچاوەکان وتی " هەنگاوی دواتر " دوای مەشقەکە گەیاندنی ئەو موشەکانە دەبێت بۆ ڕووسیا.

شارەزایەکی سەربازیی دەڵێت مۆسکۆ موشەکی باڵیستیکی خۆی هەیە، بەڵام بە بوونی فەتح-360 دەتوانێت موشەکەکانی خۆی بۆ مەودای دوورتر لە هێڵەکانی پێشەوە جەنگەکە بەکاربهێنێت، هاوکات موشەکەکانی ئێران بۆ ئامانجە نزیکترەکان بەکاردەهێنێت.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا وتی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ناتۆ و هاوبەشەکانی لە کۆمەڵەی حەوتدا " ئامادەن وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوەیان هەبێت ئەگەر ئێران ئەو جۆرە گواستنەوانە ئەنجام بدات." وتیشی " ئەوە دەبێتە پەرەسەندنی گرژییەکان لە پشتیوانییەکانی ئێراندا بۆ جەنگە دوژمنکارییەکەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا."

وتیشی " دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا کۆشکی سپی بەردەوام هۆشداریداوە دژی قووڵکردنەوەی هاوبەشییە ئاسایشییەکەی نێوان ڕووسیا و ئێران."

نێردەی هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک وتی کۆماری ئیسلامی هاوبەشییەکی ستراتیژی درێژخایەنی لەگەڵ ڕووسیادا پێکهێناوە لە چەندین بواری جیاوازدا، بە بواری سەربازیشەوە.

وتیشی " لە ڕووی ئەخلاقییەوە، ئێران خۆی بە دوور دەگرێت لە گواستنەوەی هەر چەکێک، بە موشەکیشەوە، کە ڕەنگە بەکاربهێندرێن لە جەنگەکەدا لەگەڵ ئۆکرانیا، تاوەکو جەنگەکە تەواو دەبێت."

کۆشکی سپی ڕەتی کردەوە ئەو هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە کە گوایە ئێران سەربازەکانی ڕووسیا فێری چۆنێتی بەکارهێنانی فەتح-360 دەکات یاخود ئامادەکاری دەکات بۆ ڕەوانەکردنی چەکەکان بۆ ڕووسیا تاوەکو دژی ئۆکرانیا بەکاربهێندرێن.

دوو سەرچاوە هەواڵگرییەکان باسییان لە کاتێکی دیاریکراو نەکرد بۆ گەیاندنی موشەکەکانی فەتح-360 بۆ ڕووسیا، بەڵام وتییان ئەوە بەمزووانە دەبێت. هیچ زانیارییەکیشیان نەدا سەبارەت بە پێگەی گرێبەستی ئەبابیل.

سەرچاوەی سێیەمی هەواڵگری دەزگایەکی دیکەی ئەوروپایی وتی ئەویش بە هەمان شێوە زانیاری بە دەست گەیشتووە لەسەر ئەوەی کە ڕووسیا سەربازی ناردووە بۆ ئێران تاوەکو مەشق بکەن لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی سیستمە موشەکییەکانی ئێران، بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا.

سەرچاوەی سێیەم وتی ئەو جۆرە مەشقانە مەشقی ستانداردن بۆ ئەو چەکە ئێرانییانەی کە دەدرێن بە ڕووسیا، سەرچاوەکە هاوشێوەی سەرچاوەکانی دیکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بەهۆی هەستیاریی زانیارییەکەوە.

بەرپرسێکی باڵای ئێران کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی ئێران موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە ڕووسیا فرۆشتووە بەڵام تا ئێستا موشەکی فەتح-360 ی نەداوە بە ڕووسیا. سەرچاوەکە وتی هیچ ڕێگرییەکی یاسایی نیە لەسەر تاران کە نەتوانێت ئەو جۆرە چەکانە بە ڕووسیا بفرۆشێت.

وتی " ئێران و ڕووسیا پارچە و کەلوپەلی سەربازیی لە یەکتر دەکڕن. چۆنێتی بەکارهێنانی ئەو چەکانە بە تەواوەتی پەیوەستە بە بڕیاری وڵاتەکان خۆیانەوە." وتیشی ئێران چەکی بە ڕووسیا نەفرۆشتووە تاوەکو لە جەنگەکەی ئۆکرانیادا بەکاریبهێنێت.

وتیشی لە چوارچێوەی هاریکارییە سەربازییەکەی نێوانییاندا، بەرپرسانی ڕووسیا و ئێران زۆرجار گەشتییان بۆ وڵاتانی یەکتر کردووە.

تاوەکو ئێستا ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهیدی داوە بە ڕووسیا، دەزگای نیمچە فەڕمی هەواڵی تەسنیمی ئێران لە مانگی حەوتی ساڵی 2023 دا وتی سیستمەکە لەلایەن هێزە پیادەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بە سەرکەوتوویی تاقیکراوەتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG