بەپێی پێداچوونەوەیەکی ڕۆیتەرز بە تۆمارەکانی گەشت و داتاکاندا، چەندین شارەزای باڵای موشەکی ڕووسیایی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا سەردانی ئێرانییان کردووە، لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی پەیوەندییە بەرگرییەکەی لەگەڵ مۆسکۆدا قووڵتر کردەوە.
لە 24 ی مانگی چوار و 17 ی مانگی نۆدا حەوت شارەزای چەکی ڕووسیایی بە دوو گەشتی ئاسمانی گەشتییان بۆ ئێران کردووە.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئێران وتی شارەزایانی موشەکی ڕووسیا ساڵی ڕابردوو چەندین جار سەردانی کارگەکانی دروستکردنی موشەکییان کردووە لە ئێران، بە دوو کارگەی ژێر زەویشەوە، هەندێک لەو سەردانانە لە مانگی نۆدا بوون.
بەرپرسێکی بەرگری ڕۆژئاوایی کە چاودێری هاریکارییە بەرگرییەکانی ئێران دەکات لەگەڵ ڕووسیادا و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتی لە مانگی نۆدا ژمارەیەکی نادیار لە شارەزایانی موشەکی ڕووسیا سەردانی بنکەیەکی موشەکی ئێرانییان کردووە، کە 15 کم دوورە لە ڕۆژئاوای بەندەری ئەمیرئابادەوە لەسەر کەناری دەریای کاسپیان.
حەوت شارەزاکەی ڕووسیا سەرجەمییان پلەی سەربازییان هەبووە، دووانیان شارەزا بوون لە بواری سیستمی موشەکی بەرگری ئاسمانیدا، سێ کەسییان شارەزا بوون لە تۆپهاوێژ و ڕۆکێتدا، یەکێکی دیکەیان شارەزا بووە لە گەشەپێدانی چەکی پێشکەوتوو و ئەوی دیکەیان لە گۆڕەپانێکی تاقیکردنەوەی موشەکدا کاری کردووە.
گەشتەکانییان بۆ ئێران لە کاتێکی هەستیاردا بوو بۆ تاران، کە لە نێوەندی شەڕێکدا بوو لەگەڵ ئیسڕائیلدا کە هەردوولا لە مانگی چوار و مانگی 10 دا هێرشی ئاسمانییان کردە سەر شوێنە سەربازییەکانی یەکتر.
ڕۆیتەرز دەڵێت پەیوەندی بە سەرجەم ئەو کەسانەوە کردووە، پێنج کەسییان ڕەتییان کردووەتەوە سەردانی ئێرانییان کردبێت و ڕەتییان کردووەتەوە کارییان بۆ سوپا کردبێت، کەسێکی دیکە ڕەتی کردەوە لێدوان بدات و پەیوەندییەکەی داخستووەتەوە.
هاریکارییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە کە سەرکردەکانییان لە مانگی یەکدا لە مۆسکۆ ڕێککەوتنێکی سەربازیی 20 ساڵەییان واژۆ کرد، جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا کاری تێکردوون، ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهیدی دروستکراوی ئێرانی ڕەوانەی ڕووسیا کراون و مۆسکۆ لە جەنگەکەیدا دژی ئۆکرانیا بەکاری هێناون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز