Accessibility links

ئێران یادی شۆڕشی ئیسلامی دەکاتەوە و داوا دەکات ئیسڕائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەربکرێت


ڕۆژی یەکشەممە ئێران یادی 45 ساڵەی شۆڕشی ئیسلامی کردەوە، لە مەراسیمێکدا کە سەرۆکی وڵاتەکە ئیبراهیم ڕەئیسی تێیدا سەرکۆنەی ئیسڕائیلی کرد لەسەر جەنگەکەی لە ‌غەززە و داوای کرد ئەو وڵاتە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەربکرێت.

لە دوای شۆڕشی 1979 ی ئێرانەوە کە بووە هۆی دوورخستنەوەی شا محەمەد ڕەزە پەهلەوی کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتگیری لێدەکرا، ئێران پەیوەندییەکی زۆر خراپ و دژواری هەبووە لەگەڵ ئیسڕائیل و ئەمەریکا و بەڕیتانیادا.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی غەززەشەوە گرژییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادییان کرد، جەنگەکەی ناو غەززە بووەتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزەکانی ئەمەریکا و ئەو گروپە چەکدارییانەی ناوچەکە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت.

پشتیوانیکردن لە پرسی فەلەستینییەکان و ڕەخنەگرتنی توند لە ئیسڕائیل و ئەمەریکا کە زۆرجار بە " شەیتانی گەورە " ناودەبرێت لە ئێراندا، زاڵ بوون بەسەر مەراسیمی یادکردنەوەکەدا.

ڕەئیسی لە تاران " لایەنی زایۆنی " بە تۆمەتی ئەنجامدانی " کۆمەڵکوژی " لە غەززە بە پشتیوانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا تۆمەتبار کرد.

لایەنگرانی ڕەئیسی لە گۆڕەپانەکەدا کە موشەکە دروستکراوەکانی ئێران و کەلوپەلە سەربازییەکانی دیکەی تێدا پیشاندران هاوارییان دەکرد " بڕوخێ ئەمەریکا، بڕوخێ ئیسڕائیل، بڕوخێ بەڕیتانیا."

ڕەئیسی لە وتارێکدا لە گۆڕەپانی ئازادی لە ڕۆژئاوای تاران داوای کرد " بە زووترین کات بۆردومانەکانی سەر غەززە ڕابگیرێن " هەروەها ڕایگەیاند " مەرگی ڕژێمی زایۆنی نزیک بووەتەوە."

ڕەئیسی سەبارەت بە ئیسڕائیل پرسی و وتی " ڕژێمێک کە 400 بەیاننامە و بڕیاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە، چۆن دەتوانێت پابەندی پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت؟ "

وتی " باوەڕمان وایە یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان کە دەبێت بگیردرێنەبەر دەرکردنی ڕژێمی زایۆنییە لە نەتەوە یەکگرتووەکان."

ئێران خۆی بە یەکێک لە لایەنگرە سەرەکییەکانی حەماس پیشانداوە لە جەنگێکدا کە چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا بە هێرشکردنە سەر ئیسڕائیل دەستییان پێکرد، بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل زیاتر لە 1160 کەس لەو هێرشەدا کوژراون کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیل بوون.

ئیسڕائیل لە وەڵامدا بەڵێنی لە ناوبردنی حەماسیدا و دەستیکرد بە هێرشێکی سەربازیی بۆ سەر غەززە کە بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە بووەتە هۆی کوژرانی 28,176 کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

ئێران ستایشی هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسی کرد بۆ سەر ئیسڕائیل، بەڵام ڕەتی کردەوە ڕاستەوخۆ بەشدار بووبێت لەو هێرشەدا.

لە دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا لە ساڵی 2018 ، ئێران چووەتە ژێر سزا توندەکانی ئەمەریکاوە.

ئەمەریکا ئێرانی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی " چالاکانە کارئاسانی دەکات " بۆ هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەروەها پشتیوانیکردن لە هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا، ئێرانیش ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG