ڕۆژی دووشەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی ئێران هەوڵی زیادکردنی گرژییەکانی ناوچەکە نادات بەڵام باوەڕی وایە دەبێت سزای ئیسڕائیل بدرێت بۆ ڕێگریکردن لە ناسەقامگیری زیاتر لە ناوچەکەدا، ئەمەش دوای کوژرانی سەرکردەی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنییە لە هەفتەی ڕابردوودا لە تاران.
ناسڕ کەنعانی وتی " ئێران هەوڵی سەقامگیری دەدات لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەمە تەنها دوای سزادانی دوژمنکار و دروستکردنی ڕێگرییەک دەبێت دژی سەرکێشییەکەی ڕژێمی زایۆنی ( ئیسڕائیل )." وتیشی کاری ئێران لەوبارەیەوە حەتمییە.
کەنعانی داوای لە ئەمەریکا کرد چیتر پشتیوانی لە ئیسڕائیل نەکات، وتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شکستی هێناوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا و دەبێت پشتگیری لە " سزادانی دوژمنکار " بکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگی باڵیۆزەکان و سەرۆک شاندەکانی کرد کە لە تارانن، ئەوەش بە مەبەستی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وەزیری کاربەڕێکەری دەرەوەی ئێران عەلی باقریدا تاوەکو جەخت لەوە بکاتەوە کە ئێران وەڵامی ئیسڕائیل دەداتەوە.
کەنعانی وتیشی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامیش ڕۆژی چوارشەممە لەسەر داوای تاران بەڕێوەدەچێت و تێیدا تاوتوێی کوژرانی هەنییە و وەڵامەکەی ئێران دەکرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز