دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەڵێت سەرکردەی تۆڕێکی لە سێدارە داوە کە بازرگانییان بە ژنانی ئێرانییەوە کردووە و بە مەبەستی کاری لەشفرۆشی گواستوویاننەتەوە بۆ وڵاتانی دراوسێی ئێران.
دەزگای هەواڵی میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران وتی شەهرووز سۆخانڤاری کە بە " ئالێکس " ناسراوە، ڕابەری تۆڕێکی " هاوەڵی و بازرگانیکردن بووە بە ژن و کچانی ئێرانییەوە و گواستوونییەتییەوە بۆ هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە."
وتی بەیانی ڕۆژی شەممە سۆخانڤاری بە تۆمەتی " تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بە مەبەستی کاری لەشفرۆشی " لە سێدارە دراوە.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران لە ساڵی 2020 دا بڵاوییان کردەوە کە " ئالێکس " بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی نێودەوڵەتیدا لە مالیزیا دەستگیرکراوە و هێندراوەتەوە بۆ ئێران. لە مانگی نۆی ساڵی 2021 دا بە تۆمەتی " خراپەکانی لەسەر زەوی " لەلایەن ئێرانەوە سزای مەرگی بەسەردا سەپێندراوە.
دەزگای هەواڵی چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤی ئێران وتی لە هەمان دۆسییەدا چەندین ژن دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی تۆمەتی مەترسیدار بوونەتەوە.
هەفتەی ڕابردوو ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئامنستی لە ڕاپۆرتێکدا وتی ژمارەی لە سێدارەدانەکان لە ساڵی 2021 دا 314 حاڵەت بووە، لە ساڵی 2022 دا حاڵەتەکان زیادیکردووە و ژمارەکە گەیشتۆتە 576 حاڵەت، ئەمەش دوای چین زۆرترین ژمارەی لە سێدارەدانە لە جیهاندا.
دوو ساڵ لەمەوبەر دوو ژن بە تۆمەتی " خراپەکاری لەسەر زەوی " و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە سزای مەرگییان بەسەردا سەپێندرا. پارێزەرانی دوو ژنەکە وتیان ژنەکان بێتاوان بوون و چالاکەوانی مافەکانی هاوڕەگەزخوازان بوون.
بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2017 دا ئێرانی خستە لیستی ئەو وڵاتانەوە کە بە تۆمەتی شکستهێنانییان لە سەرکوتکردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە تۆمەتبار کراون. دوو ساڵ دواتر، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جارێکی دیکە ئێرانی خستە لیستی ئەو وڵاتانەوە کە کەمترین کارییان کردووە بۆ سەرکوتکردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ساڵی 2019 دا لە ڕاپۆرتێکدا وتی " حکومەتی ئێران بە تەواوەتی نەگەیشتۆتە ئاستی جێبەجێکردنی کەمترین پێوەرەکانەوە بۆ لە ناوبردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە و هەوڵی گەورەشی نەداوە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز