Accessibility links

چارەنوسی فەیلەقی قودس لە غیابی سولەیمانی دا


دوای دوورکەوتنەوەی قاسمی سولەیمانی لە هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە، هێشتا دیارنیە، ئێران بەردەوامی بە ستراتیژیەتەکانی ڕابردوو و سەردەمی ئەو فەرماندەیە دەدات، یاخود گۆڕانکاری تێدا دەکات.

ئەرکی فەیلەقی قودسی ئێران کە قاسمی سولەیمانی فەرماندەی بوو، ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و رکابەریکردنی هێزە نەیارەکانی ئەو وڵاتەبوو لە ژمارەیەک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، بۆیە هێشتا چۆنیەتی ئیشکردنی ئەو هێزە لە غیابی فەرماندەکەیدا ناڕوونە.

حەمدی گلی لێکۆڵەری بواری سەربازی، پێیوایە دوورکەوتنەوەی قاسمی سولەیمانی لە گۆڕەپانەکە، کاریگەری لەسەر ستراتیژیەتی ئێران دەبێت، دەڵێت" ئەرکی فەیلەقی قودس گواستنەوەی شۆڕشی ئیسلامیە بۆ تەواوی ناوچەکە، ئەمەش لە ڕێگەی پرۆسەی مەزهەبی و شیعەگەراییەوە."

وتیشی"بەنەمانی قاسمی سولەیمانی، کە خاوەنی کاریزمایەکی بەهێزبوو، ستراتیژیەتی ئێران لەناوچەکە زیانێکی گەورەی بەرکەوت."

دوای کوژرانی قاسمی سولەیمانی، فەرماندە ئیسماعیل قائانی لە جێگەکەی دانرا، کە پێشتر جێگری بوو، بۆیە هێشتا دیارنیە، دەتوانێت ڕۆڵی ئەو بگێڕێت یان نە.

قاسمی سولەیمانی، کە زۆرجار بەکەسی دووەمی دەسەڵاتی ئێران لەدوای خامنەیی هەژمارد دەکرا، ئەرکی ڕابەرایەتیکردنی هێزە نزیکەکانی ئەو وڵاتەی لەئەستۆدا بوو، وەکو حەشدی شەعبی لە عێراق، حوسیەکانی یەمەن و حیزبوڵای لوبنان.

بوونی ئەو هێزە نزیکانە لە ئێران، کە لەبەرژەوەندی سیاسەتی ئەو وڵاتە کاردەکەن، نیگەرانی لای وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا دروستکردبوو، بەوەی ئەو هێزانە دژی بەرژەوەندی و سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەوان کاردەکەن.

حەمدی گلی لێکۆڵەری بواری سەربازی، لەو بڕوایەدا نیە، ئێران دوای قاسمی سولەیمانی گۆڕانکاری لەستراتیژیەتی خۆی لەناوچەکەدا بکات، وتی"ئێران خەونی گێڕانەوەی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی هەیە، دەیەوێ ئەم خەونە لە رێگەی فەیلەقی قودسەوە بێنیتە دی."

وتیشی"جگە لە دوورکەوتنەوەی سولەیمانی، خۆپیشاندانی شیعەکانی عێراق و لوبنانیش کە پەیامی عوروبەی پێوە دیارە، نامەیەکی گرنگە بۆ ئێرانیەکان بەوەی کە شیعەی عەرەبیان لەگەڵ نیە."

بەئامانج کردنی فەرماندەی فەیلەقی قودس لەلایەن ئەمەریکاوە، ئێرانیەکان و هێزە نزیکەکانیشی تەواو توڕەو نیگەران کردووە، بۆیە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی دەکەن.

نەجات حسێن فەرماندەی حەشدی شەعبی، بە پێویستی دەزانێت ئەمەریکاییەکان هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە و دوورخستنەوەی سەرۆک تەمپ بکەن، وتی"ترەمپ بەرپرسیارە لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە، گەر ئەمەریکاییەکان وریا نەبن، دۆخەکە دەتەقێتەوە."

قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەق ی قودس، لە پاڵ رابەرایەتیکردنی هێزە میلیشیاکانی چەندین وڵاتدا، هاوکات تۆمەتبار دەکرا بەپلان دانان بۆ لێدان لە بەرژەندیەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:03 0:00


XS
SM
MD
LG