Accessibility links

لەسەر تۆمەتەکانی پێدانی موشەک بە ڕووسیا، ئێران باڵیۆزی چوار وڵاتی ئەوروپایی بانگ دەکات


ڕۆژی پێنجشەممە حکومەتی ئێران بانگی باڵیۆزەکانی بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و هۆڵەندای کرد لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە ئەو وڵاتانە ئاڕاستەی ئێرانییان کردووە لەسەر ئەوەی کە گوایە تاران موشەکی مەودا کورتی باڵیستیکی داوە بە ڕووسیا تاوەکو لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا بەکارییان بهێنێت.

دەزگای هەواڵی ئیرنای ئێران بڵاویکردەوە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە بە جیا ڕۆژی پێنجشەممە بانگی باڵیۆزەکانی کردووە و بە توندی سەرکۆنەی ئەو تۆمەتانەی کردووە.

ئیرنا وتی وەزارەتەکە سەرکۆنەی بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیای کردووە لەسەر دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش دژی ئێران و وتی ئەوە " بەیاننامەیەکی نائاسایییە و بونیادنەرانە نیە."

بەیاننامە هاوبەشەکە کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە سەرکۆنەی ئەوە دەکات کە گوایە ئێران موشەکی گواستووەتەوە بۆ ڕووسیا و بە " پەرەسەندنی گرژییەکانی " ناودەبات لەلایەن " ئێران و ڕووسیاوە " و " مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە لەسەر ئاسایشی ئەوروپا."

سێ وڵاتەکە سەپاندنی سزای نوێشییان بەسەر ئێراندا ڕاگەیاند، لەوانەش، هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکانی خزمەتگوزارییە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێراندا، کە ئەوەش دەبێتە هۆی قەدەغەکردنی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی ئێران ئێر بۆ بەڕیتانیا و ئەوروپا.

ئیرنا وتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە باڵیۆزەکانی وتووە کە سووربوونییان لەسەر وەرگرتنی ئەو جۆرە هەڵوێستە وەکو بەشێک لە سیاسەتە دوژمنکارییەکانی ڕۆژئاوا سەیر دەکرێت دژی گەلی ئێران. کارەکە " ڕووبەڕووی وەڵامێکی گونجاوی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێتەوە."

لەم هەفتەیەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی ئێران هۆشدارییەکانی پشتگوێ خستووە لەسەر ئەوەی کە گواستنەوەی ئەو جۆرە چەکانە پەرەسەندنێکی بەرچاویی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا دەبێت.

بلینکن لە ماوەی سەردانێکیدا بۆ لەندەن وتی دەیان سەربازی ڕووسیایی لە ئێران مەشقییان پێکراوە لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی سیستمی موشەکی باڵیستیکی مەودا کورتی فاتح – 360 ، کە مەوداکەی دەگاتە 120 کم.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG