Accessibility links

ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر باکووری عێراق دەکات ئەگەر پارتە کوردییەکان چەکەکانییان دانەماڵدرێت


محەمەد باقری
محەمەد باقری

ڕۆژنامەی شەرقەلئەوسەت بڵاویکردەوە ئێران دەڵێت وادەی کۆتایی بۆ عێراق بۆ داماڵینی چەکی " گروپە تیرۆریستییەکان " لە هەرێمی کوردستان لە 19 ی مانگی نۆدا بەسەردەچێت.

ڕۆژنامەکە دەڵێت جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران جەنەڕاڵ عەباس نیلفوروشان بە دەزگای هەواڵی تەسنیمی وتووە هێزەکانی پاسداران دەگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی پێشوویان ئەگەر هاتوو پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی دژ بە ئێران لە هەرێمی کوردستان چەکەکانییان دانەماڵدرێت.

وتی " دەبێت بەرژەوەندی گەلی ئێران بپارێزین."

وتیشی تاران لە مانگی سێی ڕابردوودا لەگەڵ بەغداددا ئەو ڕێککەوتنەی واژۆ کردووە، وتی پێشبینی دەکەین لایەنەکەی دیکە کە بەغداد دەکات بەپێی ڕێککەوتنەکە مامەڵە بکات.

لە ماوەی ڕابردوودا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسr کەنعانی وتی تاران پابەندبوونێکی عێراقی دەستکەوتووە بۆ داماڵینی چەکی ئەو پارە ئۆپۆزسیۆنە کوردییانەی کە دژی ئێرانن لە ناو هەرێمی کوردستاندا، وتیشی وادەی کۆتایی 22 ی مانگی نۆیە.

کەنعانی ئاماژەی بەوەدا ئەگەر بەغداد ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکات ئەوا ئێران بەپێی بەرپرسیارێتییەکانی لە چوارچێوەی ئاسایشی وڵاتەکەدا ڕەفتار دەکات.

سەرچاوە کوردییەکان بە ڕۆژنامەی شەرقەلئەوسەتییان وتووە تاوەکو ئێستا هیچ شتێک نەگۆڕاوە، هیچ پارتێکیش چەکییان لێنەسەندراوەتەوە.

سەرچاوەکان وتیشیان تەنها گۆڕانکاری کە تاوەکو ئێستا کراوە ئەوەیە کە گروپە چەکدارییەکان چیتر بە ئاشکرا چەکەکانییان دەرناخەن.

لە 11 ی مانگی حەوتدا سەرۆک ئەرکانی گشتی ئێران محەمەد باقری وتی وڵاتەکە دەست دەکاتەوە بە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق ئەگەر بەغداد پابەندی بەرپرسیارێتییەکانی نەبێت سەبارەت بە گروپە چەکدارییەکان.

هەروەها تاوەکو مانگی نۆیدا بە حکومەتی عێراق تاوەکو چەکی ئەو پارتە کوردییانە دابماڵێت کە دژی تارانن.

لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا سوپای پاسدارانی ئێران بە زیاتر لە 70 موشەکی زەوی بۆ ئاسمان و دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چێندراو بە بۆمب هێرشی کردە سەر چەندین شوینی هەرێمی کوردستان، لەوانەش بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران.

لەو کاتەدا چاودێران وتییان هێرشەکە هەوڵێک بووە بۆ دوورخستنەوەی سەرنجەکان لەسەر ئەو خۆپیشاندانانەی ناو ئێران کە بەهۆی مەرگی کچە کورد ژینا ئەمینییەوە سەریانهەڵدا، کە لەژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لە دەستدا.

ئێران وڵاتانی ڕۆژئاوای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی لە پشت خۆپیشاندانەکانەوە بوون و پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی فراوانکردنی خۆپیشاندانەکان بۆ شارەکانی ڕۆژئاوای ئێرانیش.

XS
SM
MD
LG