Accessibility links

ئێران سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر خاکی عێراق و سوریا دەکات


وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەممە سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکای کرد لە عێراق و سوریا و وتی " پێشێلکردنی سەروەری خاکی " ئەو دوو وڵاتەن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسڕ کەنعانی لە بەیاننامەیەکدا وتی هێرشەکانی ئەمەریکا " هەڵەیەکی سەرکێشی و ستراتیژی دیکەی ئەمەریکان کە تەنها دەبنە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچە ناجێگیرەکەدا."

سوپای ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە 85 ئامانجی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەو گروپە چەکدارییانەی کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ هێرشە کوشندەکەی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن، کە هەفتەی ڕابردوو بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ئەنجام درا و بەرپرسانی ئەمەریکاش دەڵێن فڕۆکەکە لە ئێران دروست کراوە.

لە کاتێکدا کە هێرشەکان ئامانجەکانی ناو ئێرانییان نەگرتەوە، تیشکی خستە سەر پەرەسەندنی ئەو گرژییانەی کە بەهۆی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بوون.

کەنعانی وتی هێرشەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەک دیزاین کراون تاوەکو " تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی لە غەززە بشارنەوە." بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا ئێران وەڵام دەداتەوە یاخود نا.

هەروەها داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد ڕێگری لە " هێرشە تاکلایەن و نایاساییەکانی ئەمەریکا بگرێت لە ناوچەکەدا."

کەنعانی وتیشی " هۆکاری سەرەکی گرژی و قەیرانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داگیرکاری ئیسڕائیل و کۆمەڵکوژی فەلەستینییەکانە بە پشتیوانییە بێ سنوورەکەی ئەمەریکا."

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە 7 ی مانگی 10 دا، هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا و ئوردن زیاتر لە 160 جار هێرشییان کراوەتە سەر، ئەمەش وایکردووە ئەمەریکا چەند هێرشێکی تۆڵەکردنەوە ئەنجام بدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG