ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا تیشک دەخاتە سەر ڕاستیی لە سێدارەدانی ژنان لە ئێراندا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ساڵی 2024 زۆرترین حاڵەتی لە سێدارەدانی ژنانی تێدا تۆمار کراوە، دوو ساڵ دوای بزووتنەوەی " ژن، ژیان، ئازاد. لە ساڵی 2024 دا 31 ژن لە زیندانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون.
بەڕێوبەری مافەکانی مرۆڤی ئێران مەحمود ئەمیری موقەدەم دەڵێت " لە سێدارەدانی ژنان لە ئێران نەک تەنها دڕندەیی و سروشتی نا مرۆیی سزای مەرگ ئاشکرا دەکات، بەڵکو جیاکارییەکی قووڵی ڕەگەز و نا یەکسانی لە نێو سیستمی دادوەریدا ئاشکرا دەکات."
وتیشی " داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بێدەنگییەکەی بشکێنێت لەسەر ئەم نادادپەروەرییە بۆ ڕێکخراو و پاکتاویی ڕەگەزییە لە ئێراندا و هەوڵەکان چڕ بکاتەوە بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەی ڕووبەڕووی لە سێدارەدان بوونەتەوە."
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێت لە ساڵی 2024 دا لانیکەم 31 ژن لە سێدارە دراون، ئەوەش لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا زۆرترین ژمارە بووە.
لە ساڵی 2010 ەوە بۆ ساڵی 2024 لانیکەم 241 ژن لە سێدارە دراون، 121 ژنییان تەنها ناوی یەکەمییان ئاشکرا کراوە یاخود بە تەواوەتی ئاشکرا نەکراون. 114 کەسییان لەسەر کوشتن و 107 ژنییان بە تۆمەتەکانی پەیوەست بە دەرمانەوە لە سێدارە داوە.
چوار ژن بە تۆمەتی پەیوەست بە ئاسایشەوە لە سێدارە دراون، تۆمەتەکان بریتین لە " شەڕکردن لەگەڵ خودا "، " گەندەڵیکردن لەسەر زەوی." یەکێک لەو چوار ژنە جوو بوون و دووانی دیکەیان زیندانی سیاسیی کورد بوون.
لە سێدارەدان لە ژێر سێبەری توندوتیژی خێزانیدا:
زۆرێک لەو ژنانەی بە تۆمەتی کوشتن لە سێدارە دراون قوربانی دەستی توندوتیژی خێزانی یاخود دەستدرێژیکردنی سێکسی بوون و ئەو کارەی کە ئەنجامییان داوە لە نائومێدییاندا بووە. نزیکەی لە سەدا 70 ی ئەو ژنانە بە تۆمەتی کوشتنی هاوسەرەکانییان لە سێدارە دراون، زۆرجار لە هاوسەرگیرییەکدا بوون کە سوکایەتییان پێکراوە. سیستمی دادوەری ئێران بە دەگمەن هۆکارەکان یاخود هەلومەرجەکانی ڕوودانی ئەو تاوانانە لە بەرچاو دەگرێت.
هەژاری، پەراوێزخستن و لاوازی:
ئەو ژنانەی سزای مەرگییان بەسەردا سەپێندراوە زۆرجار خێزانەکانییان دەستبەردارییان بوون، بەجێیان هێشتوون تاوەکو بە تەنها بەرگەی دۆخە نامرۆییەکەی ناو زیندانەکان بگرن. هەژاری و نەخوێندەواریی، بە تایبەتی لە نێو ئەو ژنانەدا کە سەر بە نەژادە کەمینەکانن، وادەکات نەتوانن دەستییان بەو سەرچاوانە بگات کە پێویستییانە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و ئەوەش لاوازترییان دەکات.
تۆمەتەکانی پەیوەست بە دەرمانەوە:
لە نێوان ساڵی 2010 ەوە بۆ ساڵی 2024، لانیکەم 107 ژن بە تۆمەتی پەیوەست بە دەرمانەوە لە سێدارە دراون، ساڵی 2024 ژمارەی لە سێدارەدانەکانی پەیوەست بە دەرمانەوە لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا زۆر زیادیکرد، زۆرێک لەو ژنانە تێوەگلێندراون لەو تاوانانەدا یاخود ئاگاداری ئەوە نەبوون کە کردوویانە، بەڵام سیستمی دادوەریی ئێران ئەو هۆکارانە لەبەرچاو ناگرێت.
لە ئێستادا ژمارەیەکی نەزاندراو لە ژنان سزای مەرگییان بەسەردا سەپێندراوە و چاوەڕێی مەرگییان دەکەن، ژیانییان لە مەترسیدایە، لە نێو ئەوانەشدا چالاکەوانی کورد ڤەریشە موڕادی و پەخشان عەزیزییان تێدایە. لە ساڵی 1979 ەوە کۆماری ئیسلامی لە سێدارەدانی بەکارهێناوە وەکو ئامڕازێک بۆ سەرکوتکردنی سیاسیی و خستنەوەی ترس و پاراستنی مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا.