Accessibility links

دادگاییکردنی دیپلۆماتکارە سویدییەکەی یەکێتی ئەوروپا لە ئێران کۆتایی دێت


یۆهان فلۆدیروس
یۆهان فلۆدیروس

دادگاییکردنی دیپلۆماتکارە سویدییەکەی یەکێتی ئەوروپا لە تاران کۆتایی هات، دادوەرانی ئێرانیش هەوڵی ئەوە دەدەن قورسترین سزا بەسەر ئەو دیبلۆماتکارەدا بسەپێنن کە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسڕائیلی دوژمنی سەرسەختی ئێران تۆمەتبار کراوە.

ماڵپەڕی میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران وتی دادوەرەکە وتوویەتی یۆهان فلۆدیروسی تەمەن 33 ساڵ کە کار بۆ دەزگایەکی دیبلۆماتی یەکێتی ئەوروپا دەکات، بە تۆمەتی " هاریکارییەکی زۆر چڕی هەواڵگری لەگەڵ ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیدا " تۆمەتبار کراوە.

میزان لە زاری دادوەرەکەوە بڵاویکردەوە فلۆدیروس بە تۆمەتی " گەندەڵیکردن لەسەر زەوی " تۆمەتبار کراوە، کە یەکێکە لە جددیترن تاوان لە ئێراندا و سزای مەرگی لەسەرە.

فلۆدیروسی سویدی لە 17 ی مانگی چواری ساڵی 2022 دا لە کاتی گەڕانەوەیدا لە پشوویەک لەگەڵ هاوڕێکانیدا لە فڕۆکەخانەی تاران دەستگیرکرا، لە مانگی دوانزەی ساڵی 2023 ەوە دادگایی دەکرێت.

تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتێک دیاری نەکراوە بۆ فەرمانەکەی دادگا.

میزان وێنەی فلۆدیروسی بڵاوکردەوە بە جلی زیندانەوە و لەگەڵ دوو پارێزەرەکەیدا، لە دادگایەکدا کە زۆر چۆڵ بووە. لەسەر وێنەکان نوسیویەتی دانیشتنی دادگا تەواو بوو، بەڵام پارێزەرەکانی هەفتەیەکییان لەبەردەستدایە تاوەکو بەرگری بکەن.

سوید و یەکێتی ئەوروپا چەندین جار داوای " دەستبەجێ ئازادکردنی " فلۆدیروسییان کردووە، دەڵێن " هیچ هۆکارێک نیە " بۆ ئەوەی فلۆدیرۆس لە زیندانی ئیڤیندا زیندانی بکرێت. چەندین کەسایەتی دژ بە حکومەتی ئێران لەو زیندانەدا زیندانی کراون.

لە 17 ی مانگی یەکدا سوید بانگی بەرپرسی کاروباری ئێرانی کرد لە سوید و داوای ئازادکردنی ئەو هاووڵاتییە سویدییانەی کرد کە " بە زۆرەملێ لە ئێران دەستگیرکراون."

پەیوەندییەکانی نێوان سوید و ئێران لە ساڵی 2019 ەوە گرژییان تێکەوتووە، ئەوەش دوای ئەوەی سوید بەرپرسێکی پێشووی ئێرانی، حەمید نوری، بە تۆمەتی بەشداریکردنی لە لە سێدارەدانێکی بە کۆمەڵ و ئەشکەنجەدانی زیندانییە سیاسییەکان لە ساڵەکانی هەشتاکاندا دەستگیرکرد. لە ساڵی 2022 دا دادگایەکی سوید نوری بەو تۆمەتانە تاوانبار کرد.

نوری بەرپرسێکی پێشووی زیندانی ئێران بووە. دۆسییەکەی پەیوەستە بە کوشتنی لانیکەم 5000 زیندانییەوە لە سەرانسەری ئێراندا، ئەوەش وەکو تۆڵەسەندنەوەیەک لەو هێرشانەی کە گروپە ئۆپۆزسیۆنە دەربەدەرەکانی ئێران لە کۆتایی جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا لە ساڵەکانی 80-1988 ئەنجامییان داون. گروپەکە بە گەلانی موجاهیدی ئێرانی ناسراون.

چەندین وڵاتی جیهان و خێزانی زیندانییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئێرانییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پەیڕەوکردنی سیاسەتی " بارمتەی سیاسیی " و دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی ڕۆژئاوا بۆ سوود وەرگرتن لێیان لە ئازادکردنی زیندانییە ئێرانییەکاندا.

XS
SM
MD
LG