Accessibility links

سیوەیلی: چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین سه‌رۆك كۆماری نوێی ئێران هه‌وڵبدات هه‌رێمی كوردستان نه‌بێته‌ به‌شێك له‌و ململانێ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی كه‌ هه‌یه‌


 هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان
هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان

هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەم وتووێژەدا باس لە بۆچونی خۆیان دەکات سەبارەت بە سەرۆک کۆماری نوێی ئێران (ئیبراهیم ڕەئیسی)، سیوەیلی دەڵێت" چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌که‌ین له‌سه‌رۆک کۆماری نوێی ئێران که‌ زیاتر په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بدات، وه‌ هه‌وڵ بدات که‌ هه‌رێمی کوردستان و عێراق به‌شێوه‌یه‌کی گشتی نه‌بێته‌ به‌شێک له‌و ململانێ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی که‌ هه‌یه‌، چونکه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌رێمێکی سه‌قامگیر بێت له‌ڕووی ئه‌منی و له‌ڕووی سیاسی، وه‌ هه‌ر کێشه‌یه‌کی ئه‌منی و سیاسی به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌ندێک کێشه‌ی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ و ململانێی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ هه‌یه‌ ڕووبکاته‌ هه‌رێمی کوردستان، دەشڵێت" داوامان له‌سه‌رۆک کۆماری نوێ ئه‌وه‌یه‌ که‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپانه‌ وه‌کو خۆیان ده‌ڵێن که‌ په‌یوه‌ندیه‌کی توندوتۆڵییان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هه‌یه‌، ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ به‌کاربهێنێت بۆئه‌وه‌ی چیتر ئه‌و ملیشیانه‌ هه‌ڵنه‌ستن به‌کاری تێکده‌رانه‌ له‌ هه‌رێم."

دەقی وتووێژەکە:

" له‌هه‌ر ڕوویه‌که‌وه‌ سه‌یری ده‌کرێت ئێران بۆ هه‌رێمی کوردستان گرنگه‌ "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی" سه‌باره‌ت به‌ ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان کۆماری ئیسلامی ئێران وڵاتێکی گرنگ و دراوسێیه‌کی گرنگه‌، په‌یوه‌ندییه‌کی مێژوویمان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا هه‌یه‌، بێگومان هه‌موومان ده‌زانیین ئێران سنورێکی دوور و درێژی له‌گه‌ڵ عێراق و له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌، جگه‌ له‌مانه‌ له‌و وڵاته‌دا به‌شێکی زۆر له‌ گه‌لی کورد ده‌ژین ئه‌وه‌ش به‌لای ئێمه‌وه‌ گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌."

هەروەها ڕاشیگەیاند" خاڵێکی تر له‌وه‌ی که‌ ئێران بۆ ئێمه‌ گرنگه‌، ئێمه‌ به‌شێکین له‌ عێراق، عێراقیش په‌یوه‌ندیه‌کی باشی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ له‌هه‌ر ڕوویه‌که‌وه‌ سه‌یری ده‌کرێت ئێران بۆ هه‌رێمی کوردستان گرنگه‌ چ له‌ڕووی سیاسی چ له‌ڕووی ئه‌منی چ له‌ڕووی بازرگانیش، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ئێمه‌ هه‌وڵمانداوه‌ په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی دروست بێت، په‌یوه‌ندیه‌ک بێت که‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ردوولا بپارێزێت به‌تایبه‌تی ئێمه‌ ئێستا ده‌زانیین عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی کوردستانیش به‌تایبه‌تی ده‌روازه‌یه‌کی گرنگی بازرگانی و ئابوری ئێرانه‌، وه‌ ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شه‌، هه‌وڵده‌ده‌ین و هیوادارین به‌هاتنی سه‌رۆکی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران "به‌ڕێز ڕه‌ئیسی" ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ بچنه‌ قۆناغێکی تر و باشتربن له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا چ هه‌رێمی کوردستان و چ کۆماری ئیسلامی ئێران."

" چاوەڕوانی لە سەرۆک کۆماری نوێی ئێران "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی چاوەڕوانیتان چیە لە سەرۆک کۆماری نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران؟ " هۆشیار سیوەیلی وتی" چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌که‌ین له‌سه‌رۆک کۆماری نوێی ئێران که‌ زیاتر په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بدات، وه‌ هه‌وڵ بدات که‌ هه‌رێمی کوردستان و عێراق به‌شێوه‌یه‌کی گشتی نه‌بێته‌ به‌شێک له‌و ململانێ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی که‌ هه‌یه‌، چونکه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌رێمێکی سه‌قامگیر بێت له‌ڕووی ئه‌منی و له‌ڕووی سیاسی، وه‌ هه‌ر کێشه‌یه‌کی ئه‌منی و سیاسی به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌ندێک کێشه‌ی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ و ململانێی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ هه‌یه‌ ڕوونەکاته‌ هه‌رێمی کوردستان."

سیوەیلی جەختیکردەوە" بێگومان له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌ نییه‌ ئه‌گه‌ر له‌م هه‌رێمه‌ ناسه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی دروست بێت به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کۆماری ئیسلامی ئێران نییه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین و هیواخوازیین که‌ سه‌رۆکی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌ردوولا له‌به‌رچاو بگرێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شانه‌ له‌مه‌ودوا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان و عێراقدا بکات."

" چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین به‌رامبه‌ر به‌ عێراق و به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی کوردستان پەیوەندییەکان گۆڕانکاری گه‌وره‌ی به‌سه‌ر نه‌یه‌ت "

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی وت" به‌ڕاستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان مامه‌ڵه‌ ده‌توانم بڵێم له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ئێران یان ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی ئه‌و وڵاته‌ ده‌کات ئینجا هه‌رکه‌سێک له‌سه‌ر حکوم بێت یان هه‌رکه‌سێک سه‌رۆک کۆمار بێت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌ده‌ست بێت ئێمه‌ وه‌کو حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بێگومان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ده‌که‌ین، ئێمه‌ هه‌موومان ده‌زانیین که‌ ڕه‌نگه‌ تاڕاده‌یه‌کی زۆر ئه‌وانه‌ی که‌ پێیان ده‌وترێت "پارێزکار" له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی میانڕه‌ون به‌تایبه‌تی له‌ڕووی سیاسه‌تی ناوخۆی ئێران تاڕاده‌یه‌ک له‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ جیاوازیان هه‌بێت به‌ڵام به‌پێی ده‌ستوری ئێران ده‌سه‌ڵاتی سیاسی باڵا له‌لای ڕابه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسازه‌کاندا له‌ئه‌نجامدا بڕیاره‌کاندا ده‌چێته‌وه‌ لای ئه‌و (ڕابه‌ر) یاخود به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی ڕابه‌ری باڵا ڕه‌نگه‌ بڕیارێکی ئه‌وتۆ نه‌درێت له‌به‌رئه‌وه‌ چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین به‌رامبه‌ر به‌ عێراق و به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی کوردستان گۆڕانکاری گه‌وره‌ی به‌سه‌ر نه‌یه‌ت به‌هاتنی سه‌رۆک ڕه‌ئیسی."

"په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌م له‌ڕووی مێژوویه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌کی باش بووه‌ "

هۆشیار سیوەیلی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندیتان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران چۆنە؟ لە وەڵامدا هۆشیار سیوەیلی وتی" په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌م له‌ڕووی مێژوویه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌کی باش بووه‌ به‌ڵام بێگومان ئێستا ئێمه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات یان سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجام ده‌دات بێگومان له‌چوارچێوه‌ی عێراقی فیدڕاڵدا زیاتر په‌یوه‌ندییه‌کان له‌شێوه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌ ڕه‌نگه‌ وه‌کو حیزب وه‌کو پارتی که‌متر له‌جاران ئێمه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌مان هه‌بوو بێت به‌ڵام ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ په‌یوه‌ندیمان که‌مه‌ یان په‌یوه‌ندیمان لاوازه‌ په‌یوه‌ندییه‌کان هه‌ن، وه‌ به‌رده‌وام به‌شێوازی جیاوازتر له‌ جاران به‌ڵام سه‌رنجی ئێمه‌ زیاتر له‌م قۆناغه‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسیانه‌ و ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی ده‌ره‌وه‌ به‌ڕاستی ڕووبه‌ڕووی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ینه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی حکومه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ڕاوبۆچوونێک یان هه‌ڵوێستێکمان هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌ ده‌وڵه‌ته‌ دراوسێکان و به‌رامبه‌ر به‌ده‌وڵه‌تانی ده‌ره‌وه‌ گه‌لاڵه‌ بکرێت و ده‌رببڕدرێت."

" داوامان له‌سه‌رۆک کۆماری نوێ ئه‌وه‌یه‌ که‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپانه‌ وه‌کو خۆیان ده‌ڵێن که‌ په‌یوه‌ندیه‌کی توندوتۆڵییان له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌یه‌، ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ به‌کاربهێنێت بۆئه‌وه‌ی چیتر ئه‌و ملیشیانه‌ هه‌ڵنه‌ستن به‌کاری تێکده‌رانه‌ له‌ هه‌رێم."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی هەندێکجار بەتایبەت لەسەر و بەندی هێرشکردنی سەر هەولێر چەند گروپێکی چەکداری نزیک لە کۆماری ئیسلامی ئێران و وە ئێستاش بەردەوام ئەو وڵاتە تۆمەتبار دەکرێت بە پشتیوانی لە گروپە چەکدارییەکانی شیعە ئایا پێتان وایە بە دەستبەکاربونی سەرۆک کۆماری نوێ ئەو گللەییانە بە هەند وەردەگیرێن؟

وەڵامەکەی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان (هۆشیار سیوەیلی) بەم شێوەیە بوو" به‌شێوه‌یه‌کی گشتی نیگه‌رانیین به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵسوکه‌وتی هه‌ندێک لایه‌نی ناو حه‌شدی شه‌عبی به‌تایبه‌تی هه‌ندێک لایه‌نی میلیشیا، هه‌ڵسوکه‌وتیان، ڕۆڵیان له‌ تێکدانی سه‌قامگیری ئه‌منی و سیاسی له‌ هه‌رێمی کوردستان، له‌ماوه‌ی ڕابردوودا چه‌ند کارێکی سه‌ربازیمان له‌و چه‌شنه‌ بینی، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌یڵێین زیاتر ئه‌و لایه‌نه‌ میلیشیایانه‌ خۆیان بۆخۆیان ده‌ڵێن که‌ په‌یوه‌ندیه‌کی توندو تۆڵیان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌یه‌، چاوه‌ڕوانی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌نانه‌ په‌یوه‌ندیه‌کی توندو تۆڵیان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌یه‌، کۆماری ئیسلامی ئێران بواریان پێنه‌دات و نه‌هێڵێت که‌ هه‌ڵسن به‌جۆره‌ ڕه‌فتار و کارێک به‌تایبه‌تی کاری تێکده‌رانه‌ی ئه‌منی له‌ هه‌رێمی کوردستان چونکه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌وان بیکه‌ن دوژمنایه‌تیه‌کی ڕاسته‌وخۆی هه‌رێمی کوردستانه‌، وه‌ کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر سه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ داوامان له‌سه‌رۆک کۆماری نوێ ئه‌وه‌یه‌ که‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپانه‌ وه‌کو خۆیان ده‌ڵێن که‌ په‌یوه‌ندیه‌کی توندوتۆڵییان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هه‌یه‌، ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ به‌کاربهێنێت بۆئه‌وه‌ی چیتر ئه‌و ملیشیانه‌ هه‌ڵنه‌ستن به‌کاری تێکده‌رانه‌ له‌ هه‌رێم."

"به‌رده‌وام ئه‌وه‌ به‌ بیر حکومه‌تی ئێران و سه‌رۆکی پێشوی ئێران ده‌هێنرێته‌وه‌ که‌..... "

هۆشیار سیوەیلی باسی لەوەشکرد ئەو گللەییانە پێشتر لە ڕێگای حکومەتی هەرێمەوە نێردراوە بۆ ئێران لەو ڕوەوە دەڵێت" بێگومان ئه‌م گلله‌ییه‌ پێشتر گه‌یه‌نراوه‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، وه‌ به‌رده‌وام ئه‌وه‌ به‌بیر حکومه‌تی ئێران و سه‌رۆکی پێشوی ئێران ده‌هێنرێته‌وه‌ که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولایه‌ سه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمی کوردستان بپارێزرێت چونکه‌ هه‌روه‌ک وتم په‌یوه‌ندییه‌کی دوور و درێژمان هه‌یه‌، په‌یوه‌ندیه‌کی هاوبه‌شمان هه‌یه‌، وه‌ هه‌ر تێکدانێکی باری ئه‌منی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ئه‌نجامدا زیانی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌بێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:37 0:00


XS
SM
MD
LG