Accessibility links

عێراق بانگهێشتی کۆمپانیا تایبەتەکان دەکات بۆ بەڕێوەبردن و بوژاندنەوەی فڕۆکەخانەی بەغداد


بەرپرسانی عێراق داوایان لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی تایبەت کرد داوای بەڕێوەبردن و فراوانکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بکەن، ئەمەش چەندین ساڵ دوای پشتگوێ خستنی فڕۆکەخانەکە بەهۆی ململانێیەوە لە وڵاتەکەدا.

لە مانگی نۆدا حکومەت ڕێککەوتنێکی لەگەڵ هاریکاری دارایی بانکی جیهانی نێودەوڵەتیدا واژۆ کرد، بە مەبەستی بانگهێشتکردنی کۆمپانیا تایبەتەکان بۆ نوێکردنەوەی فڕۆکەخانەی بەغداد.

عێراق " دەستیکردووە بە تەندەرێکی گشتی دوو قۆناغی بۆ دەستنیشانکردنی هاوبەشێکی تایبەت بۆ چاککردن و فراوانکردن و دابینکردنی پشتیوانی دارایی و بەڕێوەبردن و پاراستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد لە ژێر گرێبەستێکی هاوبەشیەکی گشتی – تایبەتی درێژخایەندا." ئەمەش بەپێی نوسراوە فەڕمییەکە کە داوای کۆمپانیاکان دەکات داوا بکەن.

ڕاوێژکاری کاروباری دەرەوەی سەرۆک وەزیری عێراق فەرهاد عەلادین بە فرانس پرێسی وت " ئەوە یەکەمین جارە حکومەتی عێراق بە هاریکاری لەگەڵ هاریکاری دارایی بانکی جیهانی نێودەوڵەتیدا فڕۆکەخانەکانی بە ڕووی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی تایبەتدا بکاتەوە."

وتیشی " ئەوە هەنگاوێکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کەرتی فڕۆکەوانی بۆ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان."

بەپێی نوسراوەکە کە دەست فرانس پرێس کەوتووە، دوا وادە بۆ داواکارییەکانی کۆمپانیاکان 12 ی مانگی نۆ دەبێت، براوەکەش " پێشبینی دەکرێت ژێرخانی فڕۆکەخانەکە نوێ بکاتەوە، دامەزراوەکانی تێرمیناڵی کارگۆ و سەرنشینەکان فراوان بکات. هەروەها فڕۆکەخانەکە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەببات."

هاریکاری دارایی بانکی جیهانی نێودەوڵەتی بەپێی نوسراوەکە " وەکو ڕاوێژکاری پێشەنگی حەواڵەی ئەم پڕۆژەیە کاردەکات."

عەلادین وتی پڕۆسەی تەندەرەکە پشت " بەوە دەبەستێت هاریکاری دارایی بانکی جیهانی نێودەوڵەتی چاودێری پڕۆژەکە بکات لە سەرەتاوە و کار بکات لەسەر شێوازە ئابوورییەکەی."

وتیشی بەشداربوونی هاریکاری دارایی بانکی جیهانی نێودەوڵەتی وادەکات کۆمپانیا جیهانییە گەورەکان متمانەیەکی زیاترییان هەبێت بۆ داواکردن."

وتی " عێراق بۆ کار کراوەتەوە و وەبەرهێنانیش تێیدا زیاتر بووە."

مانگی ڕابردوو ئۆفیسی ڕاگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیری عێراق ڕایگەیاند توێژینەوەیەکی هاریکاریی دارایی بانکی جیهانی نێودەوڵەتی دەریخستووە " ڕێژەی گەشەی ساڵانە لە هاتوچۆی ئاسمانی بە ڕێژەی لە سەدا 15.7 لە ساڵانی ڕابردوودا زیادی کردووە و لە ساڵی 2023 دا زیاتر لە 3.4 ملیۆن سەرنشین گەیشتوونەتە بەغداد.

وتیشی هاریکاریی دارایی بانکی جیهانی نێودەوڵەتی پێشنیاری دروستکردنی تێرمیناڵی نوێی کردووە بۆ زیادکردنی توانای فڕۆکەخانەکە بۆ نۆ ملیۆن سەرنشین لە ساڵێکدا.

فڕۆکەخانەی بەغداد لە سەرەتای ساڵەکانی هەشتاکاندا لە ژێر فەرمانڕەوایی سەدام حوسەینی دیکتاتۆردا کراوەتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ نۆژەنکردنەوەیەکی گەورە و گرنگی تێدا نەکراوە.

لە ساڵەکانی نەوەدەکاندا فڕۆکەخانەکە داخرا، ئەوەش بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە، لەو کاتەدا خەڵکەکە ناچار بوون لە ڕێی وشکانییەوە گەشت بکەن بۆ ئوردن و لەوێوە گەشتە ئاسمانییەکانییان بکەن.

کاتێک گەشتەکان زیاد دەبن، فڕۆکەخانەی بەغداد بە خێرایی قەرەباڵغی پێوەدیار دەبێت، سێ تێرمیناڵەکەشی تەنها خزمەتگوزاریی سەرەتاییان تێدایە.

هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزە نێودەوڵەتییەکانی دژ بە داعش لە بەشێکی فڕۆکەخانەکەدا جێگیرکراون، پێشتریش کەوتوونەتە ژێر هێرشەوە.

بەهۆی چەندین دەیە لە شەڕ و ململانێ و بەڕێوبەرایەتی لاواز و گەندەڵی ئابوورییەوە، عێراقی دەوڵەمەند بە نەوت بە دەست خراپی ژێرخان و کەمی خزمەتگوزاری گشتییەوە دەناڵێنێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG