Accessibility links

قوباد تاڵەبانی: لەبەرامبەر هیچ پۆستێکی هەرێمدا، دەستبەرداری پۆستی سەرۆک کۆمار نابین


لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستان، ڕەتیکردەوە حیزبەکەی دەستبەرداری پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بێت.

قوباد تاڵەبانی سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستان، لەوەڵامی پرسیارێکی دڵشاد ئەنوەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادا، سەبارەت بەوەی حیزبەکەی تا چەند ئامادەیی تێدایە، دەستبەرداری پۆستی سەرۆک کۆمار بێت، لەبەرامبەر وەرگرتنی یەکێک لە پۆستە باڵاکانی هەرێمدا، ڕایگەیاند” یەکێتی نایەوێت دەستبەرداری پۆستی سەرۆک کۆمار بێت، لەبەرامبەر هیچ پۆستێکی هەرێم دا."

قوباد تاڵەبانی نەیشاردەوە، مەترسی جدی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، وتی” هەندێک لە هێزە عێراقیەکان حەسادەتیان بەرامبەر هەرێم هەیە، گەر بە یەکدەنگی نەچینە بەغدا، هەوڵی گۆڕینی دەستور و چەندین جۆر پیلانگێڕی تر بەرامبەر هەرێم دەدرێت، دەبێت یەکدەنگ بین، تا ڕووبەڕووی مەترسیەکان ببینەوە.”

قوباد تاڵەبانی، دانی بەوەشدا نا، هێشتا هەرێمی کوردستان قۆناغی دوو ئیدارەیی تێنەپەڕاندووەو وتی "فەرهەنگ و شێوازی حوکمڕانی کفری تا دێگەڵە جیاوازترە وەک لە دێگەڵە تا زاخۆ."

سەبارەت بە ئازادی کاری میدیایش، قوباد تاڵەبانی بە ڕۆژنامەنووسانی وت "هەتا من هەبم، ناهێڵم هاوشێوەی بادینان، دادگایی چالاکوان و ڕۆژنامەنووس بکرێت لە سلێمانی".

ڕوونیشکردەوە، بەتەلەفۆن چەندین ڕۆژنامەوانی دەستگیرکراوی ئازاد کردووە، وتی "یاسا هەیە، نابێت ڕۆژنامەنوس زیندانی بکرێت، کە یاسا هەیە، ئیتر بۆ ڕۆژنامەنوس دەستگیر بکرێت و من تەلەفۆن بکەم".

سەبارەت بە کێشمەکێشی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی و کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک، قوباد تاڵەبانی وتی " خەڵک چاوەڕێ دەکات کێشەکە یەکلایی بکرێتەوە، تا یەکلایش نەبێتەوە، خەڵکی بازاڕ و بازرگانیش قەلەق دەبن، حیزب کێشەکە چارەسەردەکات، زوو بێت یان درەنگ."

XS
SM
MD
LG