سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، کێشەکانی نێو یەکێتی سەرەتا کاریگەری گەورەیان هەبووە لەسەر حیزبەکەی، بەڵام لە ئێستادا کێشەکانیان کۆنترۆڵ کردووە و ئەنجامی هەڵبژاردن نزیک دەبێت لە خواستەکانیانەوە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، فەرید ئەسەسەرد دەڵێت "کێشەکانی نێو یەکێتیمان کۆنترۆڵ کرد، تا ئەو کێشانە کاریگەریان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن نەبێت، بۆیە پێمانوایە ئەنجامەکان نزیک دەبن لەوەی خواستمانە، کە بەدەستی بهێنین."
فەرید ئەسەسەرد پێیوایە، کێشەکانی نێو حیزبەکەی هێشتا چارەسەر نەکراون، بەڵام بەهۆی بانگەشەوە، دۆخەکە هێورکراوەتەوە، وتی "پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، دەبێت کاری جدی بکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، پێشبینیکردن بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەقورس وەسفدەکات، دەڵێت"سستمی هەڵبژاردن گۆڕاوە، ڕەنگە ئەمە هەمەجۆریەکی زیاتر لەنێو پەرلەمانی داهاتوو دروست بکات و خەڵکێکی زیاتر لەدەرەوەی حیزبەکانەوە بچنە پەرلەمان، بەڵام پێناچێت ئەمە هەرێم بگرێتەوە، زیاتر ناوچە عێراقیەکان دەگرێتەوە."
جەختیشیکردەوە "ئەوانەشی سەربەخۆن و دەچنە پەرلەمان، ئەستەمە بتوانن کوتلەی بەهێز دروست بکەن، چونکە تێڕوانینیان جیایە و هەریەکە و لەناوچەیەکەوە هاتوون، ڕەنگە کێشە لەنێوان ئەوان و حیزبەکانیشدا دروست ببێت."
بەبڕوای فەرید ئەسەسەرد، ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداش بنەمای بۆ دانراوە، هەر حکومەتێکی تریش بێت، لەسەر ئەو بنەمایانە دەڕوات، بۆیە کێشەی گەورە لەنێوان هەرێم و بەغدا نایەتە ئاراوە، وتی "گەر کێشە بێتە ئاراوە، کێشەی تازە و ناچاوەڕوانکراو دێتە پێشەوە، بەڵام لەهەموو حاڵێکدا، ئەو ڕێککەوتنەی کراوە، حکومەتی داهاتووش لەسەری دەڕوات."
سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، سەبارەت بە فشارەکانی تورکیا و ئێران لەسەر هەرێمی کوردستان بەتایبەت لەناوچە سنوریەکان، دەڵێت "کێشە سنوریەکان زیاتر پەیوەندیان بەعێراقەوە هەیە، دەبێت کورد ئەم کێشەیە بە عێراقی بکات، چونکە سنور لەدەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمە، ڕەنگە پاش ئەم هەڵبژاردنە، تێڕوانینی تازە بۆ شێوازی چارەسەرکردنی ئەو کێشە بێتە ئاراوە، هەندێک بۆچوون لەنێو هەرێم هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم مەسەلە، بەڵام زۆر پشتگیریان لێناکرێت، دەبێت کێشەی سنور لەڕێگەی بەغداوە یان بەهەمانگی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، فەرید ئەسەسەرد سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی، دەربارەی خواستی لایەنە شیعەکان بۆ هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق، ئاماژەی بەوەکرد کورد دژی هەموارکردنەوەی دەستور نیە، گەر لەبەرژەوەندی عێراق بێت، بەڵام گەر بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی کورد بێت، کورد دەتوانێت ڕێگری لێبکات، وتی"دەستور مادەیەکی تێدایە، مافی ڤیتۆی داوەتە سێ پارێزگا، تا هەموو جۆرە هەموارێک هەڵوەشێننەوە، گەر لەبەرژەوەندیان نەبێت، عێراقیش ئەم هەنگاوە نانێت، تا دڵنیا نەبێت لەوەی هەرێم ڤیتۆ بەکار ناهێنێت."