لەکاتێکدا ساڵی پار سەرۆک وەزیرانی عێراق، موستەفا کازمی ڕۆژی 6 ی شەشی 2021 ی دیاریکرد وەک وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت، لە ئێستادا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوای لە سەرۆک وەزیران کردووە کە وادەی هەڵبژاردن دوابخات و ئەمەش خوێندنەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە.
لە نووسراوێکدا کە کۆپییەکی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە و ئیمزای جەلیل عەدنان خەڵەفی سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی لەسەرە، بەهۆکاری نەبوونی ئامادەیی تەواو بۆ هەڵبژاردن، داوای لە کازمی کردووە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ 16ی دەی 2021 دوابخات.
ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن لە چاوپێکەتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا باس لەوە دەکات "کۆمسیۆن بەهۆی چەند هۆکارێکی وەک بانگهێشتکردنی چاودێرانی نێودەوڵەتی، زیادکردنی کارتی بایۆمەتری درێژخایەن و ژمارەی کەمی ئەو هاوپەیمانییەتیانەی خۆیان تۆمارکردووە، ئەم داوایەی ئاراستەی سەرۆکوەزیران کردووە."
"ئەمانە هەمووی کاتی دەوێت و ئەبنە هۆی ئەوەی هەڵبژاردنەکە بۆ ناوەڕاستی مانگی دە دوابخرێت. بەڵام هۆکارە سەرەکییەکە ئەوەی کۆمسیۆن هەتا ئێستا خشتەی کارێکی بڵاونەکردەوە کە بزانرێت ئەم پرۆسەیە لە کەیەوە بۆ کەی دەکرێت."
خودی گۆڕینی سیستەمی نوێی یاسای هەڵبژاردن لە عێراقدا و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دوای زنجیرەیەک لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هات لە باشووری عێراق دژ بە کۆی سیستەمی سیاسیی و ئابووری. شارەزایان باس لەوە دەکەن گەر کازمی بەم داواکارییە قایل ببێت، ئەوا بەشێک لە شەقامی ناڕازی عێراق لەخۆی دەڕەنجێنێت.
ئارام جەمال پێی وایە "دواخستنی هەڵبژاردن بەلای کازمییەوە شکستی سیاسییە. لەبەر ئەوەی ئەو حکومەتەی کازمی سەرۆکایەتی دەکات حکومەتی خۆپیشاندەرانە و بە قوربانییەکی زۆر کازمی چووەتە ئەو جێگایە و ئیشی سەرەتایی و پێشینەی کازمیش ئەوە بووە بتوانێت هەڵبژاردن بکات."
لە کاتێکدا عێراق بە ناسەقامگیری سیاسیی و ئابووریدا تێدەپەڕێت و چەند هێزێکی نێودەوڵەتی هەرێمی هەیمەنەی خۆیان بەسەر وڵاتدا جێگیرکردووە، باس لەوە دەکرێت کە فشاری سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکرێت فشاری هێزە دەرەکییەکان ببێت و چاویان لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان بێت لە عێراقدا.