کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، جگە لە چاودێران و نوێنەری لایەنە سیاسیە عێراقیـیەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ، هەزاران چاودێری بیانی، چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنە پێش وەختیەکەی عێراق دەکەن.
هاوڕێ تۆفیق چاودێر و پسپۆڕی بواری هەڵبژاردنەکان باس لە ئەرکی سەرەکی ئەو چاودێرانە دەکات و ئەرکەکانیان دابەش دەکات بۆ ئەرکی چاودێری نێوخۆیی و چاودێری نێودەوڵەتی.
ئەو پسپۆڕەی کاروباری هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختی لەوەش کردەوە بوونی ئەو ژمارە زۆرە لە چاودێرانی هەڵبژاردنەکان لە ڕووی سیاسیگرنگە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە گرنگیەوە دەڕوانێتە ئەم هەڵبژاردنە.
هاوڕێ تۆفیق پاک و بێگەردی هەر هەڵبژاردنێک بە چەند خاڵێکەوە دەبەستێتەوە کە گرنگترینییان ئەوەیە چەک بەدەست دەوڵەتەوە بێت نەک گروپی میلیشیا و ڕێگەنەدان بە دەستوەردانی دەوڵەتانی هەرێمی.
ئەو پسپۆرەی بواری هەڵبژاردن ئەوەش ناشارێتەوە کە ئەم هەڵبژاردنە لەم دۆخەی عێراق کە چەک لەدەست دەوڵەت نیـیە وەک دەرمانێکی ئازار شکێنی کاتیە کە بۆ چارەسەری نەخۆشیەکی کوشندە بەکاربهێنرێت.
هاوڕێ تۆفیق لە کۆتایی وتووێژەکەی دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بە دۆخی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکان کرد و ڕایگەیاند، دۆخەکە سەخت دەبێت بە تایبەت کە ئەمەریکا لە کۆتایی ساڵ دەکشێتەوە چیتر ئەو ڕۆڵەی نابێت لایەنەکان کۆبکاتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق.