Accessibility links

سەرکەوت شەمسەدین: ئەگەر ئەمریکا و ئێران هاوکار نەبن ئایندەیەکی مەترسیدار چاوەڕێی عێراق دەکات


رەوانەکردنی کەشتی گەلی زەبەلاحی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکایی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکات بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئەمەریکا چوار بۆمب هاوێژی دیکە ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات لەگەڵ ستافەکەی و تیمی چاککردنەوەی فڕۆکەکانیشدا.

بەرپرسەکان کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت بە ڕۆیتەرزیان وت پێدەچێت ئەم بۆمب هاوێژانە لە جۆری بی 52 بن و هێشتا لەم جۆرە فڕۆکانە ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکراون.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن ڕۆژی یەکشەممە وتی ئەمەریکا کۆمەڵێک کەشتی فڕۆکە هەڵگر و بۆمب هاوێژ ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ هەڕەشەکانی ئێران و دەرخستنی ئەوەی ئەمەریکا دەتوانێت بە بەهێزیەوە وەڵامی هەر هێرشێک بداتەوە.

مایک پەمپـێیۆ شەوی سێشەممە بە سەردانێکی پێشتر ڕانەگەیەندراو گەیشتە بەغدا و لەوێ لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیری عێراق و بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار کۆبووەوە.

پەمپـێیۆ لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ کاربەدەستانی عێراق، بە ڕۆژنامەوانانی گوت"وتووێژمان لەگەڵدا کردن سەبارەت بە گرنگی ئەوەی عێراق مسۆگەری بکات کە لە توانایدایە ئەمەریکایـیەکان بە شێوەیەکی گونجاو لە وڵاتەکەیاندا بپارێزن."

هاوکات هەر ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکی ئێران هەڕەشەی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات و دەڵێت؛ ئەو وڵاتانەی ماون لە ڕێکەوتنەکەدا، کە ئەوانیش بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و چین و ڕوسیان، 60ڕۆژیان لەبەردەمدایە تاوەکو بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن سەبارەت بە پاراستنی کەرتی نەوت و بانکی ئێران لە سزاکانی ئەمەریکا.

ڕۆحانی هۆشیاری وەڵامدانەوەیەکی توندیدا ئەگەر دۆسییەی ناوەکی ئێران ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکرێت، بەڵام وتی تاران ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ناوەکییەکەی بکات. وتیشی وڵاتەکەی چیتر یۆرانیۆمی پیتاو و ئاوی قورس بە وڵاتانی دیکە نافرۆشێت.

کەواتە بارگرژییەکان لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا بە ئەندازەیەکی گەورە تاویسەندووە، بەڵام ئایا عێراق و چەند وڵاتێکی ناوچەکە لەو بارگرژییەوە دەگلێن یان نا؟ ئایا عێراق بەرگەی بارگرژی و ململانێیەکی لەو جۆرە دەگرێت یان نا؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەو پرسی هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئاسۆ جەبار وتێژی لەگەڵ پەرلەمانتاری کورد لە بەغددا سەرکەوت شەمسەدیندا سازکردووە.

سەرکەوت دەڵێت "ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنەگە ئەم ململانێیە لەسەر حیسابی عێراق و بەرژەوەندییەکانی عێراق یەکلایی نەکرێتەووە."

دەشڵێت "دۆخی عێراق بەرگەی لایەنداری هیچ لایەنێک ناگرێت."

سەبارەت بە عێراق لەنێوان بەرداشی بارگرژییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێراندا؛ سەرکەوت دەڵێت "ئەمریکاو و ئێران بۆ عێراق دوو وڵاتی زۆر کاریگەرن ، هەردوکیان کاریگەرییان لەسەر دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئایندەی عێراق هەیە."

دەشڵێت ئەگەر ئەمریکاو ئێران هاوکار نەبن ئەوا زۆر بە ئاسانی عێراق دەخزێنرێتە ناو ئەو ململانێیەوە ئایندەیەکی مەترسیدار چاوەڕێی عێراق دەکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:44 0:00

XS
SM
MD
LG