جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق موحسین ئەلمەندەلاوی دەڵێت لاوازبوونی کاریگەریی و دەسەڵاتەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە شێوەیەکی نەرێنی کارناکاتە سەر عێراق، لە کاتێکدا عێراق هەوڵی فراوانکردنی ڕێگا دیپلۆماتییەکەی خۆی دەدات لە ناوچەکەدا و هەروەها سنووردارکردنی دەسەڵاتی گروپە چەکدارییەکان لە وڵاتەکەدا.
ئەمەش لە دوای گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە تێیدا تواناکانی هاوپەیمانە چەکدارەکانی ئێران لە غەززە و لوبنان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەوە و ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی ئێرانیش ڕووخێندرا.
بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپیش بەڵێنیداوە فشاری زیاتر بخاتە سەر تاران.
عێراق کە هاوپەیمانێکی دەگمەنی واشنتن و تارانیشە، هەوڵ دەدات خۆی بە دووربگرێت لە تێکدانی سەقامگیرییە ناسکەکەی و هەوڵ دەدات سەنگ بخاتە سەر ئاوەدانکردنەوە دوای چەندین ساڵ لە جەنگ.
مەندەلاوی وتی " ئەمڕۆ سەقامگیریمان هەیە. کۆمپانیا بیانییەکان دێن بۆ عێراق." مەندەلاوی خۆی خاوەن کارە و بەرژەوەندی هەیە لە هۆتێل و نەخۆشخانەکانی عێراق و خزمەتگوزارییەکانی حەواڵەکردنی پارەدا.
وتی " عێراق دەستیکردووە بە وەرگرتنەوەی ڕۆڵە سرووشتییەکەی خۆی لە نێو وڵاتانی عەرەبیدا. ئێران دراوسێیەکە و پەیوەندی مێژوویمان لەگەڵیدا هەیە. شوێنە جوگرافیاکەمان و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا بابەتی جیان."
وتیشی " پێم وانیە لاوازکردنی ئێران بە شێوەیەکی نەرێنی کار لەسەر عێراق بکات."
مەندەلاوی ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانە لە عێراق، کە کۆمەڵێکن لە سیاسەتمەدارە گەورەکان و بەوە ناسراون پەیوەندییەکی نزیکییان لەگەڵ ئێراندا هەیە، هەروەها سەرکردایەتی هاوپەیمانێتی ئەساسی یاسادانەران دەکات لە پەرلەماندا.
لەم چەند مانگەی ڕابردوودا پێش ئەوەی سەرۆک ترامپ بگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی، داواکان لە عێراق بۆ سنووردارکردنی ڕۆڵی گروپە چەکدارییەکان لە وڵاتەکەدا زیادیکردبوو.
وەزیری دەرەوەی عێراق فواد حسێن لە چاوپێککەوتنێکدا پێشتر لەم مانگەدا بە ڕۆیتەرزی وت کە عێراق هەوڵ دەدات گروپە چەکدارییەکانی هاوپەیمانی ئێران ڕازی بکات چەکەکانییان دابنێن.
مەندەلاوی وتی باوەڕی وایە ئەو جۆرە جووڵەیە کاتی دەوێت بەڵام دەکرێت بکرێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییەی کە لە بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکاندا دروست بووە.
وتی " سنووردارکردنی چەک بۆ دەوڵەت گرنگە و هیوادارم جێبەجێ بکرێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز