Accessibility links

عەمید دلێر: داعش پسپۆڕی تەقینەوە و چەکی قەناسی لە سوریاوە هێناوە


عەمید دلێر شکور
عەمید دلێر شکور

فەرماندەی لیوای 3 ی هێزەکانی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، داعش ژمارەیەک چەکداری لە سوریاوە ڕەوانەی عێراق کردووە، تەواوی چەکدارەکان شارەزای بواری هێرش و دانانی بۆمب و کردەی ڕفاندنن. جەخت لەسەرئەوەش دەکاتەوە داعش بەدوای دەرفەتدا دەگڕێت.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەمید دلێر شکور فەرماندەی لیوای 3 ی پێشمەرگە دەڵێت "داعش هێزەکانی بەشێوەی مەفرەزەی بچوک دابەشکردووە، ئەو مەفرەزانە پەلاماری هێزە عێراقیەکان دەدەن."

وتیشی "لە ساڵی 2020 داعش 240 کردەی تیرۆرستی لەناوچە کێشە لەسەرەکان و لە ساڵی 2021 نزیکەی 170 کردەی ئەنجامداوە، بۆیە ڕێگرتن لە هێرشی داعش، سەقامگیری و خۆ تەرخانکردنی دەوێت."

فەرماندەی لیوای 3 ی پێشمەرگە ڕوونیکردەوە، داعش لە سوریاوە 35 بۆ 40 چەکداری ڕەوانەی سنوری دیالە کردووە، ئەو چەکدارانە هەماهەنگیان لەگەڵ فەرماندەکانی عێراقی داعشدا هەیە، وتی"هەموویان پسپۆڕن لە دانانی بۆمب و قەناس و ڕفاندن و چەکی پێشکەوتووشیان پێ یە."

سەبارەت بەو چەکە پێشکەوتووانەی لای چەکدارانی داعشن، عەمید دلێر وتی"قەناسی لیزەرییان پێ یە، دووربینی حەراری و چەندین جۆر چەکی پێشکەوتوویان پێ یە، ئەوان دەعم دەکرێن لە نێو سوریا و عێراق و ئیقلیمەوە، بەشێکیشیان کۆنە بەعسیەکانن."

فەرماندەی لیوای 3 ی پێشمەرگە هەیکەلی ڕێکخستنی داعشی ڕوونکردەوە، وتی"داعش ویلایەتی هەیە، هەر ویلایەتێک ئەمیرێکی هەیە، دواتر بەرپرسی قاتعیان هەیە، پاشان قاتعەکان کراون بە کەتیبە کەتیبە و مەفرەزە مەفرەزە، پارێزگای دیالەیان ناو ناوناوە قاتعی خالد بن وەلید، دوزخورماتوویان ناوناوە قاتعی عوسمان بن عەفان."

داعش هێرشەکانی لەناوچە کێشەلەسەرەکان چڕکردووەتەوە، بەشێوەیەک کەم شەو هەیە، هێرش بۆ سەر هێزە عێراقیەکان ئەنجام نەدات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:40 0:00


XS
SM
MD
LG