Accessibility links

بازگەی وەهمی، پلانی نوێی چەکدارانی داعش


پلانی نوێی داعش دانانی بازگەی وەهمی و رفاندنی هاوڵاتیانە بەجل و بەرگی سەربازیەوە، بەشێوەیەک تەنها لەماوەی هەفتەی رابردوودا، 10 کەسی سڤیلیان لەسنوری ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە و ناحیەی زینانەی سەربە قەزای خورماتوو رفاندووە.

چەکدارانی داعش لە ڕۆژدا هیچ چالاکی و جم و جۆڵێکیان نیە، بەڵام لەگەڵ خۆراوابوون دا، لە حەشارگەکانیان دەردەچن و پەلاماری رەبیە سەربازیەکان دەدەن و لەسەر جادە سەرەکیەکان بازگە دادەنێن.

کۆتایی هەفتەی رابردوو، داعش لەسەر جادەی سەرەکی نێوان قەرەتەپە و قەزای کفری، بەجل و بەرگی سەربازیەوە بازگەی داناو 8 کەسی رفاند، کەدواتر تەرمی یەکێک لە رفێنراوەکان دۆزرایەوە.

محەمەد عومەر بەرپرسی کۆمیتەی قەرەتەپەی یەکێتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"داعش 8 رفێنراوەکەیان بردووە بەرەو زنجیرە چیای حەمرین، چونکە لەوێ زیندانیان هەیە."

دانانی بازگەی وەهمی بەجل و بەرگی سەربازیەوە لەلایەن چەکدارانی داعش، ترس و دڵەراوکێیەکی زۆری لە نێو خەڵکدا دروستکردووە، بەشێوەک هاتووچۆکردن لەشەواندا بەتەواوەتی کەمکراوەتەوە.

دانیشتوانی ناوچە کێشەلەسەرەکان، متمانەیان بەو بازگانە نیە کە لەشەوان دا دادەنرێن، لەوە دەترسن بازگەکان هی داعش بن و بەناوی هێزە ئەمنیەکانەوە دانرابن.

محەمەد عومەر، وتی"ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لەنێو خەڵکدا بڵاو بووەتەوە."

دوا چالاکی داعش چەند شەوێک لەمەوبەربوو، کە بازگەی وەهمی لەسەر جادەی سەرقەڵا و زینانە دانا، دوو کوردیان رفاند کەبرای یەکتری بوون.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، دوو رفێنراوەکە سەرقاڵی ئاژەڵداری بوون و شوانێکی عەرەبیان هەبووە، کەلەکاتی ڕووداوەکەدا شوانەکە دیارنەماوە، کەگومان دەکرێت دەستی لەگەڵ داعشدا هەبووبێت.

داعش لەناوچەی پەڵکانەی نێوان خورماتوو و گەرمیان بارەگای هەیە، فەرمانرەوایەتی نزیکەی 25 کم دەکات، ئەو ناوچەیە سەختە و لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدایە، کەچەکدارەکان دوای رفاندنی دوو براکە، بەرەو ئەو ناوچەیە ڕۆیشتوون.

چەکدارانی داعش گوندنیشینەکانیان ئاگادار کردۆتەوە، کەسنوری فەرمانڕەوایەتیان نەبەزێنن، هەروەک چاودێری جم و جۆڵی چەکدارەکانی خۆشیان دەکەن و گومانیان لە هەر چەکدارێکیان بێت دەیکوژن، بەتایبەت ماوەیەک لەمەوبەر چەکدارێکی گومانلێکراوی خۆیان کوشتووە.

عەقید جمهور رۆستەم فەرماندەی پێشمەرگە لەدیالە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەو چەکدارانەی بەشەوان دەچنە سەر جادەکان، ئەو چەکدارانەن کەلەناوچەی پەڵکانە بارەگایان هەیە."

پێگەی سەرەکی داعش ناوچە کێشە لەسەرەکانە، بەتایبەت ئەو ناوچانەی کەدەکەونە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە و هیچ هێزێکی دەوڵەتیان تێدا نیە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:26 0:00


XS
SM
MD
LG