چەکدارانی داعش داوای ئازادکردنی ژنێکی ئێزدی لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەن، وەک مەرجێک بۆ ئازادکردنی پـۆلیسێک کە نزیکەی 4 مانگە ڕفاندوویانە.
جەلال بەبان، پـۆلیسێکی کوردی ناحیەی ڕزگاری گەرمیانە و لە ڕۆژی 4 ی مانگی یازدە، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە نزیک ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە لەگەڵ ئامۆزایەکیدا ڕفێندرا، دواتر ئامۆزاکەی بەپارە ئازادکراو خۆی تا ئێستا لای داعشە.
داعش بە تەلەفۆن پەیوەندیان بە کەس و کاری جەلال بەبانەوە کردووە، داوایان لێکردوون هەوڵی "ئازادکردن"ی ژنێکی ئێزدی بدەن، بۆ ئەوەی ئەوان ناوبراو ئازاد بکەن.
والی نارینی، مامی جەلال بەبان، بە دەنگی ئەمەریکای وت"داعش لە رۆژی 4/11 ی ساڵی رابردوو، کوڕەکەم و برازایەکمیان رفاند، کوڕەکەمیان بە پارە ئازاد کرد، بەڵام برازاکەم پۆلیس بوو، هێشتا لایان ماوە."
وتیشی"داعشەکان ناوبەناو تەلەفۆن دەکەن و داوای ئازادکردنی ژنێکی ئێزدی دەکەن، لەبەرامبەر ئازادکردنی برازاکەمدا."
والی نارینی، باسی لەوەکرد "وتمان: ئێمە هەژارین، زیندانی لای ئاسایش بە ئێمە ئازادناکرێت، بەڵام ئەوان ئازادکردنی برازاکەم بە پارە رەتدەکەنەوە، دەڵێن: دەبێت ئەو ژنە ئێزدیەمان بۆ رزگاربکەن."
ئەو ژنە ئێزدیەی داعش داوای دەکات، لای دەزگا ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان زیندانیەبەتۆمەتی بەکارهێنانی ناسنامەی ساختە ساڵێک حوکمدراوە، 8 مانگە لە زینداندایە و 4 مانگی ماوە حوکمەکەی تەواو بکات.
کەس و کاری پۆلیسەکەی لای داعش، بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەی ژنە ئێزدیەکە کردووە، کە داعش داوای دەکات، خۆی وتوویەتی"گەر لە زیندانیش ئازادبکرێم، ناگەڕێمەوە لای داعش."
بەپێی زانیاریـیەکانی دەنگی ئەمەریکا، داعش سەرەتا بۆ ئازادکردنی پۆلیسەکە مەرجی رادەستکردنی ژنەکەیان هەبووە، بەڵام دواتر مەرجەکەیان بۆ ئازادکردنی لە زیندان گۆڕیووە.
والی نارینی وتی"رۆیشتینە لای بەرپرسانی ئەمنی بۆ مەسەلەی ژنە ئێزدیەکە، داعشەکانیش ناو بەناو تەلەفۆن دەکەن، هۆشداریمان پێدەدەن، کوڕەکەمان دەگوێزنەوە بۆ ناوچەی تر، گەر ژنەکە بەر نەدرێت."
داوای ئازادکردنی ژنێکی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی داعش، لە کاتێکدایە پێشتر دۆخەکە پێچەوانەبوو، داعش ژنانی ئێزدی دەست بەسەرکردبوو، بەڵام رێکخراو و دام و دەزگاکانی هەرێم هەوڵی ئازادکردنیانی دەدا.
ئەو چەکدارانەی داعش کە داوای ژنە ئێزدیەکە دەکەن تا رادەستیان بکرێت یاخود لە زیندان ئازاد بکرێت، گومان دەکرێت یەکێکیان تێدابێت، کە پێشتر بە زۆر ژنە ئێزدیەکەی لێ مارە بڕدرابێت و بیەوێت بگەڕێتەوە لای.