Accessibility links

ئەگەری دەستبردنی مستەفا کازمی بۆ دۆسیە هەستیار و گرنگەکان


سەرباری ئاستەنگەکانی بەردەمی، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەست بۆ هەندێک دۆسیەی هەستیار و گەورە ببات، ئەمەش دوای خۆ بەهێزکردن و بتەوکردنی جێ پێی خۆی لە ڕیزی هێزە چەکدارەکاندا.

هەرچەندە دەستبردن بۆ دۆسیە گرنگەکان بۆ کازمی ئاسان نین، بەڵام توڕەیی شەقامی عێراق لە هێزە شیعیەکان و پشتیوانیکردنی وڵاتانی نێودەوڵەتی لەهەنگاوەکانی و لاوازبوونی ئێران، ڕەنگە چانسێکی گەورە بە کازمی ببەخشێت، تا لەهەنگاوەکانیدا سەرکەوتوو ببێت.

شوان داودی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کازمی لەبەرژەوەندی هێزە شیعیەکان دەدات، بۆیە هەرچەندە پشتیوانی ئەمەریکا و وڵاتانی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام کۆسپیشی لەبەردەم دروست دەکرێت."

کازمی لە ڕابردوودا، کۆمەڵێک هەنگاوی هاویشت و هەنگاوەکانی بۆ چوونە سەر، هەر لە هێنانەوەی فەرماندەی فیرقەی دژەتیرۆری عێراق کە پێشتر شیعەکان لە پۆستەکەی دووریان خستبوویەوە، تا دەگاتە دوورخستنەوەی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و چەندین گۆڕانکاری تر، ئەم هەوڵانەش دەچنە چوارچێوەی خۆ بەهێزکردنیەوە لەڕیزی هێزە چەکدارەکاندا.

هەروەها لە ڕووی ئابووریشەوە، کۆمەڵێک هەنگاوی هاویشتووە، وەکو هەوڵدان بۆ دەرهێنانی خاڵە سنوریەکان لە بن دەستی حەشد و وشککردنی سەرچاوەی دارایی هێزە میلیشیاکان، کە لەمپەری گەورەن لەبەردەم پرۆسەی چاکسازی و سەروەربوونی یاسادا لە عێراق.

نینۆک کردنی هێزە میلیشیاکان و لاوازکردنیان، بەشێکی گرنگی ئەجێندای حکومەتەکەی کازمیە، بەڵام پێناچێت دەستبردن بۆدۆسیەی هێزە چەکدارەکان، بەبێ پشێوی و گرفتی گەورە سەربگرێت.

بەهار مەحمود ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت" هەر هەنگاوێک بۆ ئەنجامدانی چاکسازی، بەبێ گێڕانەوەی چەک بۆ دەستی دەوڵەت نایەتە دی."

هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی یاسای نوێی هەڵبژاردن، دەستگیرکردنی بەشێک لە تۆمەتبارانی کوشتنی خۆپیشاندەران و چالاکوانان کە لە ڕیزەکانی حەشددان، ئەو دۆسیانەن کە دەست بۆ بردنیان ئاسان نیە و کازمی دەیەوێت کاریان لەسەر بکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغداوە کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کازمی پلانی لاوازکردنی حەشد و هێزە شیعیەکانی هەیە، دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لیستی هەبێت."

هەنگاوەکانی کازمی دژی هێزەکانی حەشدی شەعبی، لەکاتێکدایە هێزە شیعیەکان هەرچەندە لەو هەنگاوانە نیگەرانن، بەڵام لەترسی شەقامی عێراقی، ناتوانن بەئاشکرا ناڕەزایەتی دەرببڕن.

شوان داودی پێیوایە هەرچەندە لایەنە سیاسیەکان لەترسی خەڵک بێ دەنگن، بەڵام لە سەر ئەرزی واقیع، ڕێگری دەکەن لەبەردەم چاکسازیدا.

کازمی پلانی بەشداریکردن و بردنەوەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقی هەیە، بۆیە لە پێناو ڕازیکردنی شەقامی عێراقی، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەنگاوی زیاتر و قورستر دەهاوێژێت، پیناچێت لایەنە شیعیەکان سەرباری خراپی دۆخیان، هەروا بەرامبەر هەنگاوەکانی ناوبراو لەدژیان دەستەوەستان بن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:48 0:00


XS
SM
MD
LG