Accessibility links

جوڵەی داعش و ناکۆکی نێوان حەشد و سوپا، وەزیری ناوخۆی عێراقی گەیاندە کەرکوک


وەزیری ناوخۆی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنی گەیشتنە شاری کەرکوک، لەگەڵ گەیشتنیان، چوونە نێو کۆبوونەوەیەکی سەربازی داخراوەوە لەگەڵ فەرماندە ئەمنی و سەربازیەکانی پارێزگاکە، هۆکاری سەردانەکەشیان بۆ جم و جۆڵە بەردەوامەکانی داعش دەگێڕدرێتەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق، بە یاوەری فەریق ڕوکن عەبدولئەمیر شەمەری جێگری فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەکانی عێراق و فەرماندەی گەیشتی پۆلیسی فیدرالی عێراق، خۆیان گەیاندە کەرکوک بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنی پارێزگاکە.

نەجات حسێن سەرکردەی شیعی لە شاری کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای وت"سەدان شانەی نوستووی داعش خۆیان خزاندووەتە نێو کەرکوک، بە شێکی زۆریان بەڕۆژ خەریکی بەقاڵی و ئیش و کارن، بەشەویش کۆدەبنەوە بۆ تێکدانی دۆخی ئەمنی."

لەماوەی ئەم مانگەدا، چەکدارەکانی داعش زۆرترین هێرشیان لە دەوروبەری کەرکوک ئەنجامداوە، دوا هێرشیان چەند شەوێک لەمەوبەر بوو، لە سنوری داقوقی باشوری پارێزگاکە، کە چوار سەربازی عێراقی کوژران.

زانیاریەکان ئاماژەبەوەشدەکەن، تەوەرێکی تری سەردانەکەی وەزیری ناوخۆی عێراق بۆ کەرکوک، هەوڵدانە بۆ ڕازیکردنی هێزەکانی حەشد، کە ڕێگرن لەبەردەم ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەو هۆیەوە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، گرژی لەنێوان سوپا و حەشد دروستبوو.

ئیسماعیل حەدیدی ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای وت"هێزە شیعیەکان کە لەدەوروبەری کەرکوکن، ڕازی نین، بارەگاکان بدرێنەوە بە پارتی، وەزیری ناوخۆی عێراق دەیەوێت ڕازیان بکات."

بەڵام نەجات حسێن، جەختیکردەوە سەردانەکە بۆ دانانی پلانە، بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی سەربازی دژی چەکدارانی داعش، کە مەترسیان لەسەر ئەمنیەتی کەرکوک دروستکردووە.

پێشتریش، بەرپرسانی حەشدی شەعبی، جەختیان لە هاتنی ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعش، لەسوریاوە بۆ عێراق کردبوویەوە، هۆکاری بارگرژیەکانی ئەم دواییەی ناوچە کێشە لەسەرەکانیان بۆ هاتنی ئەو چەکدارانە گێڕابوویەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:45 0:00


XS
SM
MD
LG