بۆ خستنەڕووی وردەکاری و دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەو شاندە دانوستانکارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە چەند ڕۆژی رابردوودا سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کرد و زنجیرەیەک دانیشتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی عێراقی لەمەڕ مەلەفی نەوت، بودجە، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، ڕۆژی دووشەممە بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت گەیشتنە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن و روونکردنەوە و وردەکاری ئەو کۆبونەوانەی کە لە بەغدا ئەنجام درابوون.
عەبدولستار مەجید سەرۆکی فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دەڵێت" وەکو فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی بایکۆتی ئەم کۆبوونەوەیەی وەفدی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فڕاکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکەین لەبەر ئەوەی پێمان وایە ئەم جۆرە کۆبوونەوانە دەبێت لە هۆڵی پەرلەمان و بەئامادەبوونی گشت پەرلەمانتاران بێت چونکە ئەمە بابەتێکی گشتیە و پەیوەندی بە هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و نەدەبوو سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕازی بێت کە تەنها لەگەڵ سەرۆکی فڕاکسیۆنەکان کۆببنەوە."
دکتۆر رێبوار بابکەیی سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی" بابەتەکە نەگەیشتووەتە ئەوەی بڵێین دەرگاکان بەتەواوی داخراون جۆڕێک لە لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی سەرەتایی هەیە لە نێوان هەردوو حکومەتەکە بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 کە دوو خاڵی سەرەکی لە خۆ دەگرێت سەبارەت بە ئیلتیزاماتەکانی سەرشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان،یەکەم 250 هەزار بەرمیل پارەکەی ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات، دووەم 50% ی داهاتی نافیدرالیەکان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات لەبەرامبەر ئەوە 12.67 کە دەکاتە نزیکەی سێزدە تریلیۆن دینار بودجەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت."
سەرۆکی فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان سەبارەت بە رێککەوتنەکانی حکومەتی هەرێم و بەغدا دەڵێت" پێم وایە تا ئێستا بەغدا هیچ وەڵامێکی ڕاست و ڕێک و تەواوی نەداوەتە هەرێمی کوردستان، ئەگەر وابێ ئێستا ئێمە لە ڕاگەیاندنەکان دەمانبیست کە حکومەتی عێراقی دەیگووت ئێمە لەسەر ئەو پێشنیار و پڕۆژانەی کە حکومەتی هەرێم پێشکەشی کردووە ڕازین."
لە لایەکی ترەوە دکتۆر کازم فارۆق سەرۆکی فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گووتی" ئێمە وەکو فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ وەکو پەرلەمانتاران هاتبووین وەڵامی پرسیارێکی خەڵک وەربگرین، پرسیارەکەش ئەوەبوو ئایا ئەم وەفدە کە چەند ڕۆژ لە بەغدا بوون کە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرد کە هاتنەوە چەند پارە و مووچەیان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان هێناوە و حاسڵ کردووە ؟ وەڵامەکەی ئەمەیە کە هیچ بڕە پارە و مووچەیەکیان حاسڵ نەکردبوو کۆمەڵێک پرسیاری گرنگمان هەبوو کە لێمان کردن، وەفدێک لە هەرێمی کوردستان دەروات داوای پارەی نەوتی بەسرا و پارەی داهاتی خاڵی سنوری بەسرا لە عێراق دەکات بەڵام خۆی لێرە نەوتەکەی دەفرۆشێت و داهاتەکەی نە بۆ خەڵکە و نە دەگێرێتەوە بۆ بەغدا، وەفدێک لە هەرێمی کوردستان خۆی مووچەی خەڵک دەبڕێت و ناشەفافی هەیە لە گرێبەستە نەوتیەکان و فرۆشتنی نەوت بەم هەموو کەموکورتیەی چووەتە بەردەم بەغدا بەغدایەک کە نزیکەی سەدەیەکە وڵاتە چوون رێککدەکەوێت لەگەڵ حکومەتێک کە ئەم هەموو کەموکورتیەی هەیە بەرامبەر بە خەڵکەکەی."
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت" قسە لەسەر ئەوە دەکرێت کە بژاردەکان چی دەبن و ئەو ئاستەنگانە چین و پەرلەمانی کوردستانیش دەبێت بەڕوڵی خۆی هەڵسێت و ناکرێت پەرلەمان هەر ڕۆڵی تەماشاکەری هەبێت، پێویستە پەرلەمانی کوردستان بە ئەرکی پیادەی دبلۆماسی خۆی هەڵسێت ئەوەشیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دانوستان بکات لەگەڵ پەرلەمانی عێراق بە تایبەتی لەو کوتلانەی کە هەژمونیان هەیە بەسەر دەرچوواندنی یاساکان و بریارە تەشریعیەکان بۆیە هاوکات هاوتەریب لەگەڵ بزاڤی دیپلۆماسی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرلەمانی کوردستانیش دەتوانێت ئەو ڕۆڵە بگێڕێت بۆ ئەوەی هەردوولا کاتێک ئەو رێککەوتنانەی کە دەکرێت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. "