سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی، پەیوەندی بە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقەوە دەکات و داوای لێدەکات، هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو کۆچبەرانەی لە سنورەکانی بیلاڕووس و پۆڵەندا گیریانخواردووە، وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماریش لەگفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە سەرۆک کۆمار دەڕوات بەدەم کێشەی کۆچبەرانەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی، سەڵاحەدین بەهادین داوای لەسەرۆک کۆمار کردووە، هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ ڕزگارکردنی ئەو کۆچبەرانەی عێراق و هەرێم کە لەسنورەکانی بیلاڕووس گیریانخواردووە لەو چۆڵەوانی و سەرمایە، بەبێ خۆراک و پێداویستی ڕۆژانە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، حەسەن جیهاد وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، دەڵێت "پێشتریش حاڵەتی گیرخواردنی کۆچبەران ڕوویداوە، سەرۆک کۆمار لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەکانی عێراق قسەیکردووە، تا بچن بەهانایانەوە و چارەسەری کێشەکانیان بکەن."
وتیشی"سەرۆک کۆمار دەچێت بەهانای کۆچبەرانەوە و لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەکانی عێراق قسەدەکات، تا هێڵی ئاسمانی عێراق بخرێتە خزمەتیانەوە و کارئاسانیان بۆ بکرێت بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان، تا ڕزگاریان بێت لە گیرخواردن و مانەوە لەچۆڵەوانی سنورەکان."
وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕوونیکردەوە، هەر کۆچبەرێک پێویستی بە هاوکاری سەرۆک کۆمار هەبووبێت، سەرۆک کۆمار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی قسەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا کردووە.
حەسەن جیهاد وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار نموونەی گیرخواردنی خێزانێکی کوردی لەهدنستان هێنایەوە، کە لەسەرووبەندی کۆرۆنادا لەو وڵاتە گیری خواردبوو، وتی"گەر بیرت بێت، ئەوکات جەنابتیش وەکو پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا داوای بەهاناوەچوونی ئەو خێزانەت کردبوو، ئەوەبوو سەرۆک کۆمار تەدەخولی کرد و خێزانەکەی هێنایەوە و لەو نەهامەتیە ڕزگاریکرد."