سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت هێزێکی چەکدار هاتووەتە سەر بارەگاکەیان لە گرتی زەرگەتە و تەقەیان لێکردوون و ئێستا خەڵکێکی زۆر بۆ بەرگریکردن گردەکە لەوێن و داوا دەکات دۆخەکە هێوربکرێتەوە.
دکتۆر ڕەئوف عوسمان شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە لە پەیوەندیـیەکی تەلەفونی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی هیوادارە هەوڵێک بدرێت تاوەکو خوێن لە شارەکەدا نەڕژێت.
گوتیشتی هەتا کاتی ئەم پەیوەندیـیە تەلەفۆنیـیە هیچ هێزێک لە ئاسایشی سلێمانیـیەوە نەهاتووە بە هانایانەوە.
دواتر داوای لە دەنگی ئەمەریکا کرد هەوڵ بدات حکومەتی ئەمەریکا یان کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێم ئاگاداربکاتەوە تاوەکو کارێک بکرێت بۆ ڕاگرتنی دۆخەکە.
دەنگی ئەمەریکا لای خۆیەوە چەند جارێک هەوڵی دا لێدوانی گوتەبێژ و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پـۆلیسی سلێمانی لەم بارەیەوە وەربگرێت، بەڵام هیچ وەڵامدانەوەیەکیان نەبوو.