سەرباری راگەیاندنی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی عێراق، بەڵام هێشتا رەخنەو روانینە جیاوازەکان باڵی کێشاوە بەسەر ئاهەنگی سەکەوتنەکاندا. بەتایبەتی لەهەرێمی کوردستان ئەو رێکخراوانەی کە چاودێری هەڵبژارددنیان کردبوو وەک پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن و رێکخراوی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان و رێکخراوەکانی دیکەش هاوکات چوار لایەنی سەرەکی کە رەخنەی رژدیان لەبارەی ساختەکاریی و پێشێلکارییەکانەوە هەیە تێکڕا ململانێکەی لەم ئاستەدا وەستاندووە.
برێت مەگۆرک نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانانی شەڕی دژی داعش سەردانی زۆرێک لەلایەنەکانی کرد هەم بۆ پیرۆزبایی هەم بۆ گوێگرتن لە رەخنە و گازندەکانی هەڵبژاردن، دیارە ئەو لایەنانەی کە ساختەکارییەکانیان تۆمارکردووە پێشکەشی مەگۆرک و نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە.
ئاسۆ جەبار بۆ پتر وردبوونەوە لە قەیرانەکانی دوای هەڵبژاردن و ئەگەرەکانی گۆڕانکاریی بۆ بەرنامەی رەهەندەکان لەگەڵ نوسەرو چاودێری سیاسی رێبین هەردیدا ئەم وتووێژەی بۆ دەنگی ئەمریکا سازکردووە...
رێبین هەردی دەڵێت "ئەم تەزویرە وەک جاران نیە، ساختەکارییەکە هێجگار هێجگار گەورەیە."
دەشڵێت "کاری راست ئەوەیە ئەو هێزانەی کە ساختەکاریان بەرامبەر کراوە دان بەم پڕۆسەیەدا نەنێن و بایکۆتی ئەم پرۆسە سیاسییە بکەن کە لەعێراقدا بەڕێوە دەچێت."
رێبین هەردی کۆمەڵێک پرسی دەیکەی وروژاند کە قوڵ پەیوەندی بە پرۆسەی دیموکراسییەوە هەیە و دەڵێت "کە ڕێگای هەڵبژاردن گیرا بۆ گۆڕانکاریی رێگای دیکە دێتە پێشەوە."
دەشڵێت "مەگۆرک چی هەیە بۆ ئەم هێزە سیاسیانە، ئەم هێزانە چیان هەیە لەدەستی بدەن." هاوکات "گرفتەکە ئەوەیە ئەم هێزانە تا ئێستا لەپەراوێزدان." و "مەگۆرک چی پێیە بۆ ئەوان، ئایا دەتوانێت رێگا لە ساختەکاریی بگرێت." و "من پێموایە ئەوان بە پلەی یەکەم لیستە گەورەکانی کە ساختەکاریان کردووە بەلاوە گرنگە، ئەو لیستانەی تر هەمویان کۆبکەیتەوە 10 بۆ 12 کورسیان هەیە، هیچ نرخێکی گەورەی نیە لەناو پەرلەمانی عێراقدا."
رێبین هەردی لاپەڕەیەکی دیکەی مێژوو هەڵدەداتەوە دەڵێت "ئێمە لەدوای ریفراندۆمێکی تێکشکاوەوە دەچینەوە ئەوێ لەدۆخێکی لاوازدایین، بەغدا چی بوێت دەیکات." هاوکات "تاکە ئومێدێک دروستکردنی بەرەی رزگاری نیشتیمانییە..."
دەشڵێت "ئەگەر لەهەڵبژاردندا هێزێک ئەوە پیشان نەدات کە ئەگەری ئەوەی هەیە بیباتەوە و ململانێیەکی راستەقینە دەکات خەڵک ناچێت بۆ دەنگدان."
لە کۆتاییدا رێبین هەردی بەراوردی بزوتنەوەکەی موقتەدا سەدر و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی کورد دەکات دەڵێت " ئەگەر ئەو هێزانە بازبدەن بەسەر هەندێک غروری زۆر ناوچەیی و زۆر بچوک و زۆر بێ کەڵکدا کە غرووری حیزبییە دەتوانن بەرەیەکی لەوجۆرە دروستبکەن."