سەرۆکى ئەنجومەنى سیاسى عەرەبى لە کەرکوک دەڵێت، حکومەتى عێراق ئامادەکارى بۆ شەڕى رزگارکردنى حەویجە نەکردووە، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە ئەوان وەکو عەرەبى سونە رازى نابن حەویجە گرفت لەنێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبى دا دروست بکات.
ئیسماعیل حەدیدى، سەرۆکى ئەنجومەنى سیاسى عەرەبى لە کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"وەکو عەرەبى سونە رازى نابین پێشمەرگە و حەشدى شەعبى کێشە لە کەرکوک دروست بکەن."
وتیشى"پێمانخۆشە پێشمەرگە و حەشدى شەعبى هەماهەنگى یان لەگەڵ یەکترى هەبێت و پێکەوە حەویجە رزگاربکەن."
ئیسماعیل حەدیدى، ئاماژەى بە خراپى بارودۆخى دانیشتوانى حەویجە کرد بەوەى ئەو خەڵکەى لەو ناوچانە ماونەتەوە لەدۆخێکى خراپدان، وتى"ژمارەى چەکدارەکانى داعش بەگشتى نازانین، بەڵام لە دەوروبەرى ناحیەى رەشاد و سنورى داقوق 350 چەکدار دەبن."
بەبرواى حەدیدى، چەکدارەکانى داعش لە حەویجە توشى دڵەراوکێ بوون و لە خەمى داهاتوى خێزانەکانیاندان، هەربۆیە شەڕى بەرگرى دەکەن و تواناى هێرش کردنیان لەدەستداوە.
سەبارەت بەوادەى دەستپێکردنى شەڕى حەویجە، سەرۆکى ئەنجومەنى سیاسى عەرەبى لەکەرکوک، دەڵێت"تائێستا وادەى دەستپێکردنى شەڕى حەویجە دیارى نەکراوە و حکومەتى عێراق هەر رۆژە و قسەیەک دەکات، بەڵام پێدەچێت شەڕى حەویجە بخرێتە دواى تەلەعفەر."
داواکارى سەرەکى عەرەبى سونە لەکەرکوک ڕزگارکردنى قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوکە، پێشمەرگەش دەیەوێت لەشەڕى حەویجەدا رۆڵى هەبێت و پلانى حکومەتى عێراقیش بۆ چۆنیەتى شەڕى حەویجە ڕوون نیە.