Accessibility links

یەکێتى جارێکى تر هەوڵى بەدەست هێنانەوەى پارێزگارى کەرکوک دەدات


دواى ئەوەى یەکێتى نیشتیمانى پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراقى بەدەست هێنا، لە ئێستادا بەرپرسانى ئەو حزبە لە هەوڵدان بۆ بەدەست هێنانەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک، کە لە مانگى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوەوە لەدەستیانداوە.

رەوەند مەلا مەحمود جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لەنێو حکومەتى تازە پێکهێنراوى عێراقدا، کۆمەڵێک پۆستى باڵا بەر کورد دەکەون و لەرێگەى ئەوانەوە، هەوڵى وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگار دەدەین."

دواى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوو، یەکێتى هەوڵێکى زۆرى بۆ رێککەوتن لەگەڵ عەرەب و تورکماندا، بە ئامانجى وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک، بەڵام هەوڵەکانى شکستى هێنا، دواتر لەگەڵ پارتى بۆ هەمان مەبەست کەوتە گفتوگۆ و لەمەشدا سەرکەوتو نەبوو.

بەپێى زانیاریەکان، دواى بەدەست هێنانەوەى پۆستى سەرۆک کۆمار، یەکێتى جارێکى تر لەگەڵ عەرەب و تورکماندا گفتوگۆى دەست پێکردۆتەوەو دەیەوێت پۆستى پارێزگارى کەرکوک مسۆگەر بکاتەوە.

لەبارەى ئەو زانیاریانەى هەن گوایە عەرەب و تورکمان ڕازى بوون بە پێدانەوەى پۆستى پارێزگار بە یەکێتى، لەبەرانبەر پێدانى پۆستى سەرۆکى ئەنجومەندا بەتورکمان و پۆستى بەرێوەبەرى پۆلیس بەعەرەب، رەوەند مەلا مەحمود وتى"من ئاگام لەو زانیاریانە نیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە گفتوگو و هەوڵى جدى هەیە بۆ دانانى پارێزگارێکى کورد بۆ کەرکوک."

لەلایەکى تریشەوە رێبوار تاڵەبانى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگارى کەرکوک بە وەکالەت کە لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرەوە کەرکوکى جێهێشتووە، وەکالەتى بۆ عیرفان کەرکوکى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگا کردووە بۆ جێگەکەى.

کامەران کەرکوکى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"وەکالەت کردنى رێبوار تاڵەبانى بۆ عیرفان کەرکوکى هیچ شتێکى لە پشتەوە نیە."

وتیشى"عیرفان کەرکوکیش لەهەولێرە، گەر شتى لەپشتەوە بوایە، رێبوار تاڵەبانى وەکالەتى بۆ یەکێک لەو ئەندامانە دەکرد کە لە کەرکوکن."

گەڕانەوەى یەکێتى بۆ لاى عەرەب و تورکمان و هەوڵدان بۆ رێککەوتن لەگەڵیان، رەنگە پەیوەندى بە بێ هیوابوونى ئەو حیزبەوە هەبێت لە رێککەوتن لەگەڵ پارتى و ڕازیکردنیان بەگەڕانەوەى ئەندامەکانیان بۆ کەرکوک.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:23 0:00

XS
SM
MD
LG