پاش ئەوەی شەوی یەکشەممە هێزەکانی عێراق پـێشڕەویـیان بەرەو ناوچەکانی کەرکوک و شارەکە کرد، بەبێ بەرگریـیەکی ئەوتۆ توانیان ناوچەیەکی فراوان کۆنترۆڵ بکەن. هەر یەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی ئۆباڵی ئەمەی ڕوویداوە دەخەنە ئەستۆی یەکتر.
سەعدی پـیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت هێشتا زووە یەکتری تاوانباربکەین، بۆیە پـێویستە لێکۆڵینەوە بکرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەوانەی لەمە بەرپـرسن. دەشڵێت ئەو هێزانەی لەوێ بوون تەنها هێزی یەکێتی نەبوون، بەڵکو هێزی هاوبەش بوون، وە ئەگەر هێزێک شکابێت یان کشابێتەوە هێزی هاوبەش بوون. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لەو شوێنەی کەمال کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی بەرپـرسبووە، کشانەوە ڕوویداوە.