تادێت لەمپەرەکانى بەردەم هەڵبژاردنى پارێزگار و سەرۆکى نوێى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک قورستر دەبێت، کورد و تورکمان لەنێوخۆیاندا یەکدەنگ نین و عەرەبى سونەش خۆى لەکۆبونەوە بەدوور دەگرێت و دەیەوێت بارودۆخى ئێستاى شارەکە بەردەوام بێت.
جوان حەسەن ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە کوتلەى برایەتى ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لیستى برایەتى کە کوتلەى هێزە کوردیەکانە، لەکۆى 41 کورسى خاوەنى 26 کورسى ئەنجومەنى پارێزگای کەرکوکە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە نیسابى یاسایى بۆ ئەنجامدانى دانیشتن تەواو بکات."
بەپێى وتەى ئەندامەکەى ئەنجومەن، لەو 26 ئەندامەى کوتلەى کوردى، 3 ئەندامیان نەخۆشن و لەماڵەوەن، تێشیاندایە لەدەرەوەى وڵاتە، هەروەها ئەندامانى پارتى دیموکراتى کوردستانیش گەرانەوە بۆ کەرکوک رەتدەکەنەوە.
جوان حەسەن، وتى"جگە لەرێبوار تاڵەبانى کە لەدۆخێکى تایبەتدایە، ئێمە وەکو ئەندامانى کوتلەى یەکگرتوى ئیسلامى گەراوینەتەوە."
ئەندامەکەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، گرفتەکانى بەردەم ئەنجامدانى کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکى زیاتر روونکردەوە، باسیلەوەکرد عەرەبى سونە کەئێستا پۆستى پارێزگارى کەرکوکیان بەوەکالەت لایە و خاوەنى 6 کورسى ئەنجومەنن، دەیانەوێت دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و بەرژەوەندیان لەم دۆخەدایە.
سەبارەت بەکوتلەى تورکمانى کە خاوەنى 9 کورسین و تێکەڵەن لەتورکمانى شیعە و سونە، جوان حەسەن وتى"ئەندامێکى کوتلەى تورکمانى لەتورکیایە و لەدۆخەکە نیگەرانە، ئەو 8 ئەندامەشیان هاوڕانین، بەشێکیان داواى پۆستى پارێزگار و بەشەکەى تریشیان داواى پۆستى سەرۆکى ئەنجومەن دەکەن، هەروەها تورکمانەکانى بەغداش داواکارى جیاوازتریان هەیەو داواى هەڵوەشاندنەوەى ئەنجومەن دەکەن."
هێزە کوردیەکان کە تامانگێک لەمەوبەر دەسەڵاتى یەکەمى کەرکوک بوون، لەئێستادا لەو شارە پەراوێزخراون و بەشێکیان بەلاوازى گەڕاونەتەوە و هیچ رۆڵێکیان پێنەدراوە، بەشەکەى تریشیان هێشتا لەدەرەوەى کەرکوکن.
عەدنان کەرکوکى وتەبێژى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى لەکەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئێمە پێمانوایە کەرکوک داگیرکراوە، بۆیە ناگەرێینەوە بۆ ئەو شارە تا دۆخەکە گۆڕانکارى بەسەریدا نەیەت."
پێناچێت دۆخى ناوچە کێشەلەسەرەکان کە هەرێم و بەغدا ململانێیانە لەسەرى بەم شێوەیە بمێنێتەوە، بەتایبەت گەر بەغدا و هەرێم لەسەر ئیدارەدانى هاوبەشى ئەو ناوچانە رێکنەکەون، رەنگە دۆخى ئەو ناوچانە ڕوو لە ئاڵۆزبوونى زیاتر بکەن.