Accessibility links

ڕەوەند مەلا مەحمود: ئێمە ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگاکانمان ناهێنینە خوارەوە


سەرباری ئەو ناکۆکی و بارگرژییانەی دوابەدوای 16 ی ئۆکتۆبەر و ریفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان بۆ شاری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان هاتنەگۆڕێ، بەڵام هێشتا ئەو شارە بەهۆی هەڵکردن و هەڵنەکردنی ئاڵای کوردستانەوە میدیا و حکومەتی سەرقاڵ کردووە. لەکاتێکدا بەر لە ریفراندۆمەکە کەرکوک لەژێر دەسەڵاتی کوردددا بوو، بەڵام ئەوڕۆکە تەنها هەڵکردنی ئاڵایەک بۆتە گرفتێکی گەورەی نێوان حیزبێکی کوردستانی و حکومەتی عێراق.

هەربۆیە ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیری عێراق دەڵێن عادل عەبدولمەهدی فەرمانی کردووە ئاڵای کوردستان لە بارەگا حزبـیـیەکانی شاری کەرکوک دابگیرێن، لەبەرئەوەی ئەمە کارێکی نادەستوریـیە.

ئۆفیسەکە رۆژی چوارشەممە ڕاگەیاندنێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتی سەرۆک وەزیر پەیوەندی بە سەرۆک کۆمار کردووە بەو پـێـیەی پارێزەری دەستورە و هەروەها پەیوەندی بە سەرکردە سیاسیـیە جیاوازەکانی کردووە و بڕیاری داوە ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگا حزبیـیەکانی کەرکوک دابگیرێن بەو پـێـیەی وەک دەڵێت کارێکی نادەستوریـیە.

سەبارەت بە هەڵکردن و هەڵنەکردنی ئاڵای کوردستان و گواستنەوەی ئەو شارە لە قودس و دڵەوە بۆ تەنها هەڵکردنی ئاڵایەک؛ ئاسۆ جەبار وتووێژی لەگەڵ جێگری یەکەمی مەڵبەندی یەکێتی نیشتیمانی لە شاری کەرکوک رەوەند مەلا مەحموددا سازکردووە...

هاوکات جێگری یەکەمی مەڵبەندی یەکێتی نیشتیمانی لە شاری کەرکوک دەڵێت "ئێمە ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگاکانمان ناهێنینە خوارەوە وەک مافێکی رەوای میلەتەکەی خۆمان." و دەشڵێت "ساڵی پار لەکردنەوەی ئاگری نەورۆزدا ئێمە ئاڵای کوردستانمان لەکەرکوک هەڵدا."

بەڵام سەبارەت بە رووداوەکانی رابردووش دەڵێت "ئێمەی کەرکوکییەکان زۆور ئامۆژگاری سەرانی کوردمان کرد بۆئەوەی ئەم شکستە بە سەرملی کورددا نەهێنن؛ بەڵام بە قسەیان نەکردین."

هەروەها دەشڵێت "13 ئەندامی پارتی و یەک ئەندامی یەکگرتووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەهەولێرن و دێنەوە لە کەرکوک موچەو نەسرییەکانیان وەردەگرن، بەڵام ئەوەندە غیرەتیان نیە لەکۆبونەوەیەکدا دانیشن پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دیاریبکەن."

دواجار ئەو راستییەش دەدرکێنێت و دەڵێت بەرلە ریفراندۆم و 16 ی ئۆکتۆبەر "سی کیلۆمەتر لەخوار شاری کەرکوکەوە لەسەر حەمرین ئاڵای کوردستان ئەشەکایەوە."

جێی ئاماژەیە بەپـێی مادەی 140 ی دەستوری عێراق دەبوایە هەتا 31 ی مانگی دوازدەی ساڵی 2007 بارودۆخی کەرکوک و هەموو ناوچەکانی دیکەی ناکۆکیان لەسەرە ئاسایی بکرێنەوە و سەرژمێری ئەنجام بدرایە و ڕیفراندۆمیان لێ سازبکرایە تاوەکو دانیشتوانەکانیان بڕیار بدەن ناوچەکانیان بچنە سەر هەرێمی کوردستان یان نا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:17:21 0:00

XS
SM
MD
LG