Accessibility links

بێدەنگى باڵى بەسەر "بەرمیلە باروتەکە"ى عێراقدا کێشاوە


له ‌کاتێکدا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى زۆربەى ناوچەکانى عێراقى گرتۆتەوە، بەڵام ئەوەى شارەى کە پێشتر بە "بەرمیلە باروت" ناودەبرا، بێدەنگى و خامۆشى باڵى بەسەریدا کێشاوە.

شارى کەرکوک کە لە دواى ڕووخانى بەعس، زۆرترین کێشمەکێش و ململانێى تێدابووە، بۆیە هەمیشە سیاسیەکان ئەو شارەیان بە"بەرمیلە باروت"وەسفکردووە و هۆشداریان لەبارەیەوە داوە.

هێمنى و سەقامگیرى دۆخى کەرکوک، لەکاتێکدایە خۆپیشاندان و پشێوى زۆربەى ناوچەکانى عێراقى گرتۆتەوە، بەڵام پێکهاتەکانى کەرکوک لە دوورەوە، لە دۆخەکە دەڕوانن.

نەجات حسێن ئەندامى کوتلەى تورکمانى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"هیچکام لە نەتەوەکانى کەرکوک هەوڵى ئەنجامدانى خۆپیشاندانیان نەداوە، چونکە دۆخى شارەکە هەستیارە."

وتیشى"دانیشتوانى ناوچەکانى عێراق هاودەنگن، بەڵام داواکارى پێکهاتەکانى کەرکوک جیاوازن لەیەکترى، بۆیە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى، وەزعەکە دەشێوێنێت."

مانگى رابردوو، ژمارەیەک گەنجى عەرەب هەوڵى ئەنجامدانى خۆپیشاندانیان لە کەرکوک دا، بەڵام هەر زوو لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بڵاوەیان پێکرا و دۆخەکە کۆنترۆڵکرا.

تورکمانەکانى کەرکوکیش، ناو بەناو هەڕەشەى ئەنجامدانى خۆپیشاندان دەکەن، بەڵام هەڕەشەکانیان زیاتر بۆ فشار دروستکردن و جێبەجێکردنى داواکاریەکانیان بووە، هەروەک کوردیش بە بێدەنگى لە دۆخەکە دەڕوانێت.

ئازاد جەبارى ئەندامى کوتلەى کوردى لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، هۆکارى بێدەنگى و خامۆشى کەرکوک بۆ پاراستنى بەرژەوەندى دەگێرێتەوە، دەڵێت"کۆمەڵێک پەیوەندى وایکردووە لە کەرکوک بێدەنگ بین، هەندێکیش دەڵێن: با مەسەلەکە نەخرێتە ئەستۆمان."

دەشڵێت"شیعە ئەسڵیەکان دژى گەندەڵى وەستاونەتەوە، دەبووایە ئێمەش وەکو ئەوان، هەوڵى ڕووخاندنى گەندەڵکارانمان بدایە."

هەرچەندە پێکهاتەکانى کەرکوک هەمیشە ڕەخنە لەیەکترى دەگرن و یەکترى بە پێشێلکارى تۆمەتبار دەکەن، بەڵام هیچ لایەک پەناى بۆ بەکارهێنانى "کارتى شەقام"نەبردووە، بەو پێیەى ترسیان لە تەقینەوەى دۆخەکە هەیە.

محەمەد دووشیوانى یەکێک لە نوێنەرانى کەرکوک لەخولى پێشووى پەرلەمانى عێراق، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"داعش لەناوچەکەدا بوونى هەیە، هەرێم و ناوەندیش لە کەرکوک خاوەن دەسەڵاتن، بۆیە هەموو لایەک لەسەر ئارامى کەرکوک کۆکین."

هەرچەندە لەئێستادا دۆخى شارى کەرکوک سەقامگیرە، بەڵام دەرئەنجامى ڕووداوەکانى عێراق بێ کاریگەرى نابێت لەسەر ئەو شارە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:09 0:00


XS
SM
MD
LG