Accessibility links

وردەکاری هێرشەکانی شەوی رابردووی داعش


شەوی رابردوو، داعش لە هەرسێ پاریزگای دیالە، کەرکوک و سەڵاحەدین هێرشیانکردۆتە سەر هێزە عێراقیەکان و ژمارەیەک سەربازی عێراقیان کوشتووە، بەرپرسانی ئەو ناوچانەش هۆشداری لەبارەی جم و جۆڵی زیاتری ئەو رێکخراوەوە دەدەن.

هێرشەکەی شەوی رابردووی داعش لە پارێزگای دیالە بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی بووە لەسنوری قەزای خانەقین، کە هێرشەکەیان بووەتە هۆی کوژرانی چوار چەکداری حەشد، ئەوەش لەکاتێکدایە لەچەند شەوی رابردوودا لەو سنورە، سێ کارمەندی هێزەکانی ئاسایشی هەرێمیشیان تیرۆر کردووە.

نوری حەمە عەلی فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری کەرکوک/ پردێ، بەدەنگی ئەمەریکای وت"مەفرەزەکانی داعش خەریکە یەکدەگرنەوە، بە یەکگرتنەوەیان ژمارەیان زیاد دەکات و مەترسی زیاتر دروست دەکەن."

وتیشی"بۆشاییەکی زۆر لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکاندا هەیە، داعش ئەو بۆشاییەی بۆ چالاکی قۆستۆتەوە."

داعش لەچەندین ناوچەی عێراق بارەگای داناوە، لەو ناوچانەوە پیلانی هێرشکردن دادەنێت، بەتایبەت هێرشی چەکدارانی ئەو رێکخراوە گوندنیشینەکانی سنوری کەرکوکی هەراسانکردووە.

ئەبو هاوڕێ کە دانیشتووی گوندی هەفتەغاری باشوری کەرکوکە و چەند شەوێک لەمەوبەر ژن و پیاوێکی دانیشتووی گوندەکەی لەلایەن داعشەوە کوژران، بەدەنگی ئەمەریکای وت"وەکو گوندنیشینەکان پاسەوانمان بۆ گوندەکانمان داناوە، هەر ماڵە و پانزە هەزار دینار دەدەینە پاسەوان."

وتیشی"داعش لەناوچەکانمان نزیک بوونەتەوە، بۆیە شەوان بێ پاسەوان ناتوانین بژین."

سنوری شاخی غەڕە، ناوچەی نەدای نزیک مەندەلی، زنجیرە چیای حەمرین، ناوچەکانی باشوری کەرکوک، ئەو ناوچانەن کە داعش بارەگای تێدا داناون.

ئازاد حەمید سەرۆکی ئەنجومەنی ناحیەی مەندەلی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەو ناوچانەی داعش بارەگای تێدا داناون، ناوچەی سەختن و رێگەی ئۆتۆمبێلیان نیە، حکومەت هێزیان بۆ ببات."

وتیشی"داعش لەو ناوچانە بە ماتۆر سکیل هاتووچۆ دەکات، بەشەوان دەست دەوەشێنن و بەڕۆژ لە بارەگاکانیان دەمێننەوە."

سەرهەڵدانەوەی داعش و هێرشە بەردەوامەکانیان، لەکاتێکدایە عێراق لەدۆخێکی سیاسی ئاڵۆزدایە و ئەو دۆخە، هێزە ئەمنیەکانی عێراقی سەرقاڵکردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:43 0:00


XS
SM
MD
LG