ئەمڕۆ پێنجشەمە، ژمارەیەک لە دەرچووە دانەمەزراوەکانی کورد لە کەرکوک دژی کەمی پشکی کورد لە دامەزراندن خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، خۆپیشاندانەکە لە سەرەتاوە گرژی تێکەوت، بەڵام دواتر بەڕێککەوتن کۆتایی هات.
خۆپیشاندەرانی دەرچووی کورد هێرشیانکردە سەر پەروەردەی کەرکوک و دواتر بە زۆر ڕۆیشتنە نێو بینای بەڕێوەبەرایەتیەکەوە، پاشان نوێنەری دەرچووەکان و پەروەردەی کەرکوک رێککەوتن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی دامەزراندن و پێداچوونەوە بە پرۆسەکەدا.
سالار سەعید یەکێک لە دەرچووە دانەمەزراوەکانی کورد لەکەرکوک بەدەنگی ئەمەریکای وت"پەروەردەی کەرکوک سەرەتا بەدەنگمانەوە نەهاتن، بۆیە بەڕێوەبەرایەتیمان هێلکەباران کرد و بەزۆر ڕۆیشتینە نێو بەڕێوەبەرایەتیەکەوە."
وتیشی"پێنج کەس لەنوێنەرانی ئێمە لەگەڵ پەروەردەی کەرکوک کۆبوونەوە، رێککەوتین لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی دامەزراندن و پێداچوونەوە بە پرۆسەکەدا، بەشێوەیەک کە دادپەروەری تێدا بێت و مافی پێکهاتەکانی تێدا رەچاو بکرێت."
خۆپیشاندانی دەرچووە دانەمەزراوەکانی کورد لەکەرکوک، لەکاتێکدایە پەروەردەی کەرکوک پێشتر لیستێکی بۆ دامەزراندن بەرزکردبوویەوە، کە ناوی 1500 دەرچووی عەرەب و 500 کورد و 440 تورکمانی تێدابوو، بۆیە کەمی پشکی کورد، دەرچووەکانی تورەکرد.
بڕیاربوو حیزبە کوردیەکانی کەرکوک پێشڕەوی خۆپیشاندانی دەرچووە کوردەکان بکەن، بەڵام لەسەر داوای سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بەشێک لەو حیزبانە کشانەوە.
حیزبەکان 3 ڕۆژیان بۆ حکومەتی عێراق دیاریکردبوو تا وەڵامیان بدرێتەوە، بەڵام وادەکە تێپەڕی و حیزبەکان بێدەنگیان هەڵبژارد، بۆیە دەرچووە کوردەکان خۆیان خۆپیشاندانەکەیان ئەنجامدا.
رەوەند مەلا مەحمود جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، هۆکاری بەشداری نەکردنی حیزبەکانی لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆدا بۆ چاوەڕوانی کردنی وەڵامی بەغدا گێڕایەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"گەر پێداچوونەوە بە لیستی دامەزراندن دا نەکرێت، ئێمە خۆپیشاندانی گەورە ئەنجام دەدەین، بە چەند سەد کەسێکەوە ناچینە سەر جادە."
دەرچووە دانەمەزراوەکان هۆشداری دەدەن، گەر پرۆسەی دامەزراندنەکە هەڵنەوەشێتەوە و رێککەوتنەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ پەروەردەی کەرکوکدا جێبەجێ نەکرێت، ئەوا هەڵوێستی توندتریان دەبێت.