Accessibility links

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی زانیاری لەبارەی چوونی دژە تیرۆر ئاشکرا دەکات


شەوی ڕابردوو، هێزێکی دەزگای دژەتیرۆری یەکێتی لە سلێمانیەوە بەرەو سەربازگەی کەیوەن لەشاری کەرکوک جوڵەی پێکرا، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لەکەرکوک، زانیاری لەبارەی هۆکاری رۆیشتنی ئەو هێزە بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکرا دەکات.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، حەمەسوور دووشیوانی بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، باسلەوەدەکات هێزەکەی دژەتیرۆری یەکێتی و هاوپەیمانان پێکەوە لەسلێمانیەوە بەرەو کەرکوک رۆیشتوون.

ناوبراو، دەڵێت"هێزێکی هاوپەیمانان لەچیای قەرەچوغ کەوتبوونە شەڕێکی نابەرامبەرەوە لەگەڵ چەکدارانی داعش، هێزەکەی دژەتیرۆر بۆ هاوکاریکردنی ئەو هێزەی هاوپەیمانان جوڵەیان پێکراوە."

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، ڕوونیکردەوە زانیاری هەواڵگیری نادروست درابووە هاوپەیمانان، گوایە 20 بۆ 25 چەکداری داعش لە چیای قەرەچوغن، بەڵام چەکدارەکانی داعش ژمارەیان نزیکەی 200 کەس بووە، بۆیە لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا، شەڕێکی نابەرامبەر دروستبووە، دەڵێت"هێزی تر بۆ هاوکاری ئەو هێزە جوڵێنرا."

سەبارەت بەوەی هێزەکەی دژەتیرۆر لەسەربازی کەیوەنەوە بەرەو قەرەچوغ جوڵەیان پێکرا یاخود لەسەربازگەکە مانەوە، حەمە سوور، وتی"هێزەکە ڕەنگە بە فرۆکە هەندێکیان گواسترابێتنەوە بەرەو قەرەچوغ و هەندێکیان مابێتنەوە، بەو شێوە کارەکەیان بەردەوام بوو."

لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، ئاشکراشیکرد زانیاری ئەوەیان هەیە، لەشەڕەکەی شەوی ڕابردوودا، دوو سەربازی هاوپەیمانان ونبوون، وتی"دوو سەربازەکە لەناو شەڕەکەدا ونبوون، نازانرێت بەدیلی کەوتبوونە لای داعش، یاخود برینداربوون یان رێگەیان ونکردووە."

پێش ئەوەی هێزەکانی دژەتیرۆری یەکێتی لەسلێمانیەوە بەرەو کەرکوک جوڵەیان پێبکرێت، رەزامەندی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ رۆیشتنیان بەرەو ناو شاری کەرکوک وەرگیراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:16 0:00


XS
SM
MD
LG