وەزارەتی نەوتی عێراق ڕۆژی شەممە 1ی مانگی سێ ڕایگەیاند بانگهێشتی ئەو کۆمپانیا بیانییە جیهانییانەی کردووە کە لە ژێر چەتری دەستەی پیشەسازی پیتڕۆڵیۆمی کوردستاندا کاردەکەن بۆ کۆبوونەوەیەک لە بەغداد لە 4 ی مانگی سێدا، هەروەها بانگهێشتی ئەو کۆمپانیایانەشی کردووە کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا گرێبەستییان هەیە.
وەزارەتەکە وتی بڕیارە لە گفتوگۆکاندا تاوتوێی کۆمەڵێک بابەت بکرێت، لەوانەش گرێبەستەکانی ئێستا و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکانی گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییەکاندا بگونجێت و لە هەمان کاتدا بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان بپارێزێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانیش پێشبینی دەکرێت ئامادەی گفتوگۆکان بن، کە لە نێوەندی هەوڵەکاندا دێت بۆ ئەوەی کارەکانی نەوت لە نێوان بەغداد و هەولێردا بخرێنەوە سەر ڕێڕەوەکەی خۆی.
هەشت کۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوت کە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا کاردەکەن وتییان ڕۆژی هەینی دەستناکەنەوە بە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێی چیهانی تورکیاوە، ئەمەش سەرەڕای ڕاگەیاندنەکەی بەغداد لەسەر ئەوەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان نزیک بووەتەوە و حەتمییە.
حکومەتی عێراق ڕۆژی هەینی وتی لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ڕادەگەیەنین، سەرەتا 185,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەڕێی ڕێکخراوی بە بازاڕیکردنی نەوتی عێراق ' سۆمۆ 'وە هەناردە دەکرێت و بڕەکەش وردە وردە زیاد دەکرێت.
دەستەی پیشەسازی پیتڕۆڵیۆمی کوردستان کە نوێنەرایەتی لە سەدا 60 ی بەرهەمهێنانی نەوت دەکات لە هەرێمەکەدا، دواتر وتی هیچ پەیوەندییەکی فەڕمی نەبووە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕێککەوتنە بازرگانییەکان و گرەنتی پارەدان بۆ هەناردەکانی ڕابردوو و داهاتووش.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز