هەرێمی کوردستان سەرباری قەیرانە ئابوری و سیاسییەکانی بەڵام بە هەنگاوێکی گەورەوە نزیکدەبێتەوە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، هاوکات ئامادەکارییە ئاهانگئاماێزەکانی هەوادارانی ریفراندۆم لە هەرێمەکەو دەرەوە کوردستان لەجۆش و خرۆشدایە، بەڵام بەڕای شارەزایان و چاودێران هەڵکەوتەی راستەقینەی ژیانی سیاسی کورد لەهەرێمەکەدا لەبەردەم کۆمەڵێک قەیراندایە، هەروەها پرسە دیپلۆماسی و ئابوری و سنورییەکانیش لەنێوان هەرێمەکەو حکومەتی عێراقدا هێشتا لە قەیرانێکی سەختدایە.
ناوچە جێناکۆکەکانیش ئەگەرێکی دیکەی بەردەم ئەم پرسەیە، بەشداریکردن و نەکردنی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان یاخود ریفراندۆم پرسێکی هەنوکەیی بەردەم سەرجەم لایەن سیاسییەکانە.
ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا وتووێژێکی لەوبارەیەوە لەگەڵ رۆژنامەوان و شرۆڤەکاریی سیاسی و رۆژنامەگەریی محەمەد رەئوفدا سازکردووە...
محەمەد رەئوف دەڵێت "پارتی دیموکرات دەیەوێت لە تونێلی یەکێتی نیستیمانییەوە بێتەوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و لایەنەکانی دیکە."
هاوکات دەڵێت "جەماوەرێکی زۆری هەرێمی کوردستان توڕەن لەم دەسەڵاتە، دەیانەوێت بە دژایەتیکردنی ریفراندۆم تۆڵە لەم سەرکردانە بسەنێتەوە."
سەبارەت بە ناوچە جێناکۆکەکانیش دەڵێت "سنوری ئەو ناوچانە کە هێزی پێشمەرگە ئازادیکردوون کە نزیکەی 30000 کیلۆمەتر دەبێت لەخانەقین، کەرکوک، شەنگال و مەخمورو ئەو ناوچانە کە زۆرینەی کوردن و خاکێکی کوردستانین، هەرچەند هەندێک خاکی دیکە لەژێر دەسەڵاتی پێشسمەرگەدا نین، ئەم ناوچانە بەهەر جۆرێک لەجۆرەکان بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، ئەوکاتە دەتوانین ریفراندۆم بکەیەن...."
دەشڵێت "ئەگەرێکی مەترسیدار هەیە کە رووبدات لەوەی کە سەربەخۆ بین یاخود ئاشبەتاڵێکی دیکە چاوەڕێمان دەکات."
هاوکات دەڵێت "مەترسی هەیە ناوچە جێناکۆکەکان لەدەستبچێت بەهۆی ئەو سیاسەتەی کە هێشتا روون نیە."