سەرباری سازکردنی ریفراندۆم لەهەرێمی کوردستاندا وەک مافێکی مرۆیی و شارستانی گەلان بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و بنەما هەرە بنچینەییەکانی دیموکراسی و مافی گەلان؛ بەڵام هەڵوێستی توندی حکومەت و پەرلەمانی عێراق بەرامبەر ئەم مافەو گرتنەبەری کۆمەڵێک رێوشوێنی توند وەک کۆنترۆڵکردنی فرۆکەخانەکان و وەستاندنی گەشتەکان و هەڕەشەکانی تورکیا و ئێران و مانۆرە سەربازییەکانی سەر سنور تیکڕا بارودۆخەکەی پتر وروژاند و بارگرژییەکانی نێوان هەرێم و بەغدای گەیاندنە ئاستێکی خراپ لە پەیوەندی و لێکتێگەیشتن. بەڵام بە ڕای چاودێران هێشتا تروسکایی گفتوگۆو لێکتێگەیشتن و دانوستان لەگەڵ یەکتریدا دەرفەتێکی زێرینە بۆ بەرگرتن لەشیانی روودانی هەر توندوتیژییەک کە رووبدات.
دوو زۆنی جیاوازی یاسایی و بڕیاردان و گفتوگۆ؛ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی عێراق چۆن دەڕواننە ئەم بارگرژییەو ئاسۆکانی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ چەند شیانی هەیەو دەتوانرێت چی بکرێت؟
ئاسۆ جەبار سەبارەت بۆ کۆی ئەو پرسانە میوانداریی بەڕێزان پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان سالار مەحمود و پەرلەمانتاری حکومەتی فیدڕاڵی زانا رۆستایی کرد بۆ دەنگی ئەمریکا....
سالار مەحمود هەر لەسەرەتاوە پێیوابوو "ئەم بڕیارەی عێراق بنەماکانی پێکەوە ژیان هەڵتەکاند لەنێوان هەرێم و بەغدادا." بەڵام زانا رۆستایی پێیوایە "ئەوەی لەبەغدا روودەدات کاردانەوەیە." و دەشڵێت "بەغدا توشی هیستریا و شۆک بووە بە ئاسانی بەری نادات."
هاوکات سالار مەحمود باس لەوەدەکات کە "پێویستە لە هەرێمی کوردستان هەوڵ بدرێت ئەو بارگرژییەی لەبەغدا دروستبووە خاوبکرێتەوە." لەگەڵ ئەوەشدا زانا رۆستایی باس لەوە دەکات "چۆن لەکوردستاندا هیچ حیزبێک زاتی ئەوە ناکات دژی سەربەخۆیی بوەستێتەوە، لەعێراقیش هیچ حیزبێک زاتی ئەوە ناکات رازی بێت بە دابەشبوونی عێراق."
سەرباری ئەوەی وڵاتانی دراوسێ باس لەوەدەکەن کە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان مەترسییە بۆ سەر ئاسایش و سیاسەتی نیشتیمانی وڵاتەکانیان بەڵام سالار مەحمود دەڵێت "هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک مەترسی نابێت بۆ ئاسایش و سیاسی و نیشتیمانی و کۆمەڵایەتی وڵاتانی دەوروبەر."
بەڵام دەڵێت "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڕەشەکانی بەغدا بە جیدی وەربگرێت." هاوکات سالار مەحمود رایوایە "ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەروا تەماشاکەر بێت، جارێکی دیکە ناوچەکە رووبەڕووی شەڕ دەبێتەوە."
زانا رۆستایی سەبارەت بە مافی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کورد لەلای عێراق دەڵێت "ئەوان ئەو مافە بە ڕەوا نازانن بۆ کورد لەئێستاداو نە لەداهاتوشدا ریفراندۆم بکرێت و کورد دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەبێت."