سەرۆک وەزیری عێراق ڕۆژی سێشەممە بڕیاری دا گەشتە نێودەوڵەتیـیەکان لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەسـتپـێبکەنەوە، ئەمەش پاش ئەوەی وەک عەبادی دەڵێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان قایلبوون هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی ڕادەستی دەسەڵاتی فیدراڵی بکەن.
ئەم دوو فڕۆکەخانەیە نێودەوڵەتیـیە هەتا پـێش ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان بە تەواوی لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام بەپـێی بڕیارەکەی حەیدەر عەبادی ئیدی هەرچی هاتوچۆیەک لەو فڕۆکەخانە بکرێت دەبێت وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی عێراق لێی ئاگاداربێت و هەروەها هەموو هاوردەیەک و هەناردەیەک لەو دوو فڕۆکەخانەیە ئەنجام بدرێت دەبێت لیژنەیەکی تەکنیکی سەر بە گومرگی فیدراڵی پـشکنینیان بۆ بکات و ڕەزامەندیـیان لەسەر دەرببڕێت.
بەمەش یەکێک لە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی چارەسەرکران، بەڵام هاوکات کێشەیەکی دیکە سەری هەڵدایەوە، ئەویش بودجەی ساڵی 2018 ی عێراقە کە فوئاد مەعسوم سەرۆکی عێراق ڕەتیکردەوە، دەڵێت نزیکەی 31 خاڵی پـرۆژە یاساکە پـێچەوانەی یاسا و دەستوری وڵاتەکەن، بۆیە پـرۆژەکەی بۆ پەرلەمان گەڕاندەوە تاوەکو هەمواری بکرێتەوە. ڕۆژێک پاش ڕەتکردنەوەکەی سەرۆک کۆمار، سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمان لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی دەستەواژەی ڤیتۆ لە نێو دەستوری عێراقدا نیـیە و پـرۆژە یاساکە لە پاش ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر داوە بووەتە یاسا و هەرچ تێبینیـیەک لەسەری هەبێت با لە دادگای فیدراڵی سکاڵای لەسەر تۆماربکرێت.
ئەمە بابەتی بەرنامەی هەلەو واشنتنی ئەم هەینیـیە بوو کە حەیدەر کەریم لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بەڕێوەی برد و میوانەکان ئەم بەڕێزانە بوون:
تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی.
عادل نوری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.