Accessibility links

پەیوەندیکردنی بەرهەم ساڵح بە یەکێتییەوە و بوون بە کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار


دکتۆر بەرهەم ساڵح، دامەزرێنەری هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە هاوپەیمانییەکە کرد و پەیوەندی کرد بە ڕیزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کورستانەوە. لە بەرامبەردا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەرهەم ساڵحی وەکو کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەستنیشان کرد. لەنێو هاوڵاتییان و لایەنگرانی هاوپەیمانیدا، ئەم هەنگاوە کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە.

ڕۆژی چوارشەممه، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە دەنگی ئەمەریکا تێیدا ئامادەبوو، محەمەد ڕەئوف ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی هاوپەیمانی‌ بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ڕایگەیاند کە دکتۆر بەرهەم ساڵح دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بەوان کردووه و بڕیاری داوە بڕواتەوە ناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان‌. ئەوانیش دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە، دەستلەکارکێشانەوەکە‌ی ئەویان قبووڵ کردووە‌.

لە هەمان ڕۆژدا و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە دەنگی ئەمەریکا تێیدا ئامادەبوو، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند کە دکتۆر بەرهەم پەیوەندی کردووە بە ڕیزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە. بەهۆی ئەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پۆستی سەرۆک کۆمار بە ئیستیحقاقی خۆی دەزانێت، پێویستە کاندیدی ئەوان ئەندامی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بێت و لەپێشتریشدا ئەوەیان بە بەرهەم ساڵح ڕاگەیاندبوو. هەمان ڕۆژ بەرهەم ساڵح وەکو کاندیدی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دیاریکرا دوای ئەوەی زۆرینەی دەنگی مەکتەبی سیاسی بەدەستهێنا.

لەلایەکی ترەوە ئەم هەنگاوەی دکتۆر بەرهەم لەنێو خەڵکدا کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە. هەندێکیان پێیان وایە کە بەرهەم ساڵح باشترین کاندیدی کوردە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار. بەهۆی ئەو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەی هەیەتی، ئەتوانێت کاریگەری خۆی درووست بکات.

لەبەرامبەردا لەلایەن کۆمەڵێک لە هاوڵاتییانەوە، بەرهەم ساڵح ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەتەوە و پێیان وایە ناکرێت ئەو بگەڕێتەوە ناو حزبێک کە تۆمەتی گەندەڵی و چەندین تۆمەتی تری ئاراستەکردوون و لەچەندین شوێنی جیاجیادا بە ئەستەمی زانیوە بگەڕێتەوە نێویان.

هۆگر هادی، چاودێری سیاسی ئەم بڕیارەی دکتۆر بەرهەم بۆ دوو هۆکار ئەگەڕێنێتەوە. ئەو پێی وایە کە بەرهەم ساڵح سیاسەتێکی ماکیاڤێڵیانەی دەرفەتخواز پەیڕەو ئەکات و ئەمەش نموونەیەکە لەو سیاسەتە. هەروەها پێی وایە لەلایەکی ترەوە ئەکرێت بەرهەم ساڵح بێئومێد بووبێت لە پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا و ئەوەش دەرەنجامی خراپی لێئەکەوێتەوە.

لە عێراقی نوێدا و بەپێی ڕێککەوتنێکی سیاسیی، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەشی کوردە و لە ماوەی ١٢ ساڵ و ٣ خولی ڕابردوودا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان‌ ئەو پۆستە پڕدەکاتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:48 0:00

XS
SM
MD
LG