ماوەی چەند ساڵێکە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی کۆمەڵێک گرفتی ئابوری و سیاسی و ناڕوونی و شەفافیەتەوە لەئاستێکی خراپدا بووە، ئەمەش بەپێی ئەو راستیانەی کە راگەیاندنەکان و راپۆرتە ئابورییەکان خستویانەتە ڕوو. بەڵام دوابەدوای دامەزراندنی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی و هەنگاوەکانی سیاسییەکانی کورد بەرەو بەغدا کرانەوەی عێراق بەرەو جیهاندا تێکڕا ئومێدی گەڕانەوەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەڕووی حوکمڕانی و ئابورییەوە هێدی هێدی لەبرەودایە.
بۆ پتر ئاشنابوون بە کرانەوەی نوێی عێراق بەڕووی جیهاندا و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا ئاسۆ جەبار وتوێژی لەگەڵ راوێژکاری سەرۆک کۆمار سالار مەحموددا سازکردووە...
سالار مەحمود دەڵێت "خەریکە جۆریک لەپەیوەندی لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئاسایی دەبێتەوە لەسەر بنەمای دەستور و بەشداری هاوبەش."
سەبارەت بە هەند وەرگرتنی پێگەی عێراق لەناوچەکەدا سالار مەحمود دەڵێت "دوابەدوای شکستی داعش و دەستپێکردنی بوژانەوەی عێراق وایکرد هەم وڵاتانی ناوچەکەو وڵاتانی هاوپەیمانان لەدنیادا تێیگەیشتوون لەپێگەی عێراق لەڕووی مێژووی و واقعییەوە."
هاوکات دەشڵێت "لەم ماوەیەدا سەرۆکی ئێران و تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکە سەردانی عێراق دەکەن."
سەبارەت بەشە بودجەی کوردستانیش دەڵێت "لەبودجەی گشتی ئەمساڵدا کە لەپەرلەمانی عێراق کرا بە یاسا پەرلەمانتارە کوردستانییەکان بەهاوکاری سەرۆک کۆمار توانرا بەشە بودجەی کوردستان جێبکرێتەوە، بەبەراورد بە بودجەی پارساڵ کە ناوی کوردستانیان وەکو شمالی عێراق هێنابوو، کۆمەڵێک دەستەواژەی نادەستوری تیادا جێکرابۆوە. بەڵام لەبودجەی ئەمساڵدا هەموو ئەوانە لابران و هەرێمی کوردستان پێگە دەستورییەکەی لەچوارچێوەی بودجەدا بۆ گەڕایەوە."