ڕابوون مەعروف سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت نەوەی نوێ لە ئێستادا بەشێکە لە بەرەی چاکسازی لە پەرلەمانی عێراقدا و دەشڵێت ئێمە خۆمان وا پێناسە دەکەین کە ئۆپۆزیسیۆنێکی جدین و وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی توند خۆمان ناناسێنین.
لە وەڵامی پرسیاری دەنگی ئەمەریکادا کە بۆچی لە کوردستان نەوەی نوێ خۆی وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی رادیکاڵ نیشاندەدات و لە بەغدا ئەم ستراتیژەی نییە؟ ئایا حکومەتی عێراق لە گەندەڵی تێوە نەگلاوە کە ئێوە ئاوا بێدەنگن لە ئاستیدا؟
رابوون مەعروف لە وەڵامدا گوتی" پێمانوایە ئۆپۆزیسیۆنبوون بەشێکە لە دیموکراسی و ژیانی دیموکراسی پێشدەخا. وە پارتی و یەکێتی لە دوای ٢٨ ساڵ، شایەنی حوکمڕانی نەماون و پێویستە بە فۆڕمێکی مەدەنی لە دەسەڵات دووریانبخەینەوە. سەبارەت بە بەغدا، ئێمە لە ناوەڕۆکدا ھەمان سیاسەتی خۆمان جێبەجێدەکەین. بەڵام بارودۆخی بەغدا جیاوازە. یەکەم: ئێمە لە ناو نزیکەی ٣٣٠ پەرلەمانتاردا، تەنیا چوار پەرلەمانتارین. دووەم: ئێمە لەم قۆناغەدا نوێنەرایەتی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەکەین، چونکە ئێمە لە کوردستانی عێراقەوە دەنگمان پێدراوە و بووین بە پەرلەمانتار، جا بۆیە بۆمان گرینگە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەغدا ھێمنی بەخۆیەوە ببینێت."
لە کاتێکدا نەوەی نوێ ئامادە نییە لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا کۆبوونەوە بکات و یانیش تەنانەت نزیک بێت لێیانەوە، بەڵام لەگەڵ لایەنی عێراقییدا هاوپەیمانی دەبەستێت، ئایا لایەنە عێراقییەکان چی زیاترتان بۆ دەڕەخسێنێت وەک لە یەکێتی و پارتی؟
لەوەڵامی ئەمەدا گوتی"ئێمە ناڵێین لەگەڵ کەس دانانیشین، بەڵکو دانیشتێنێک ناکەین کە سوودی بۆ گەل نەبێت. ئەگەر بزانین دانیشتێک بە قازانجی گەلەکەمان دەبێت، ئامادەین دابنیشین. سەبارەت بە دانیشتنەکانی پێکھێنانی حکومەت، ئێمە رامانگەیاندووە: رازی نین ببین بە بەشێک لە حوکمڕانی کە پارتی و یەکێتی سەرکردایەتی بکەن. ئەم حکومەتەی ئێستا کە بڕیارە پێکبێت، پارتی سەرکردایەتی دەکات، کەواتە ئێمە پێویست ناکات بچینە گفتوگۆیەکەوە بۆ پێکھێنانی حکومەتێک کە لە سەرەتاوە روونە پارتی سەرکردایەتی دەکات. وە سەبارەت بە حزبە سیاسییەکانی عێراق، ئێمە لەگەڵیاندا گفتوگۆ دەکەین ئەگەر بزانین گفتوگۆیەکە بەرەو ئاڕاستەیەکی باش دەمانبات."
ھەر لەم گوتووێژەدا دەنگی ئەمەریکا لە رابوون مەعروف دەپرسێت: دوای کۆچی دوایی بەڕێز نەوشیروان مستەفا تۆ لە گۆڕانەوە چوویتە ناو نەوەی نوێ، کاتەکەی زوو نەبوو؟
رابوون مەعرووف وەھا وەڵامی دایەوە"من متمانەیەکی زۆرم بە کاک نەوشیروان ھەبوو و تا ئێستایش لەوە پەشیمان نیم. پێموابوو لە ناو ھەموو سەرکردە سیاسییەکان تەنیا ئەو شایەنی ئەوە بوو کاری لەگەڵ بکەین، بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی لە کوردستاندا بکەین. بەڵام دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان بزووتنەوەی گۆڕان لەبەردەم چەند بژاردەیەکدا بوو، یان ئەوەتا دەبوو ببێتە حزبێکی خێزانی کە من دژی ئەوەم، وە یان ببێتە حزبێکی دووبارە و بکەوێتە بەردەستی ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی کە ئەوەشیانم پێ باش نەبوو. لەگەڵ ھاوڕێکانم راوێژم کرد کە کار بۆ ئەوە بکەین، بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەو بنەمایانەی کە دروستبووە بەردەوام بێت و بیکەین بە ھێزێکی گەورە و کاریگەرتر. بەڵام من بە تەنیا مامەوە و دواجار لەگەڵ گۆڕان، دوو ئاڕاستەی جیاوازمان گرتەبەر، ئێستایش وا دیارە کە بزووتنەوەی گۆڕان چ ئاڕاستەیەکی گرتووەتەبەر! کە نەوەی نوێم ھەڵبژارد، لەبەر ئەوە بوو سەرجەم حزبەکانی دیکە
دیموکراسیان تێدا نەماوە و ھەر ھەموویشیان بوون بە حزبی خێزانی و وە بازرگانی و حزبیان تێکەڵ بە یەکتری کردووە. بەڵام تا ئەو کاتەی کاک نەوشیروان لە ژیاندا بووایە، من لە گۆڕان نەدەھاتمە دەرەوە."
پـرسیار: بۆ لە دژی رێفراندۆم بوویت؟ ھەر لەبەر ئەوەی پرۆژەی نەوەی نوێ لە ئارادابوو یان بە باوەڕەوە ئەم بڕیارەتدا؟ خۆ ئەگەر بەڕێز مەسعود بارزانی ڕابەرایەتی ریفراندۆمی نەکردایە، ھەمان بۆچوونت دەبوو؟
وەڵام: من یەکێک بووم لەو دەنگە ھەرە کەمانەی لە بەرامبەر رێفراندۆمەکە وەستاین و رۆڵی سەرکردایەتییم بینی لە بەرەی نەخێر لە ئێستادا. جگە لە بڕوای کەسییم ھیچ پاڵنەرێکی دیکەم نەبوو، ھەموو پێشبینییەکانیشم راست دەرچوون کە باوەڕم وابوو، ئەم ریفراندۆمە بە قازانجی خەڵکی کوردستان نییە، بەڵام بریا پێشبینییەکانم نەدەھاتنە دی. من ئەو کاتەیش کە لە ناو بزووتنەوەی گۆڕاندا بووم، زۆر ھەوڵمدا بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ڕیفراندۆم نەڕوا و رووبەرووی بوەستێتەوە، بەڵام ئەوسا دەنگی من دەنگێکی کز بوو و ھاوڕێکانم پشتگیرییان نەکردم. بۆ من بابەتی ڕیفراندۆم پەیوەندی بەوەوە نەبوو کێ سەرکردایەتی دەکات، بابەتەکە ئەوە بوو ڕیفراندۆم لەم چوارچێوەی خۆیدا بە قازانجی ئایندەی ژیانی دیموکراسی لە کوردستانەوە دەشکێتەوە؟ بێگومان وەڵامەکەی نەخێر بوو، خۆ ئەگەر کاک مەسعودیش سەرکردایەتی بکردبایە و بە قازانجی دیموکراسی و ئازادی بوا، من لەگەڵی دەبووم."