لە چەند رۆژی رابردوو تۆڕە کۆمەڵایەتی و سایت و کەناڵەکانی نزیک لە پارتەکانی دەسەڵات و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەو سایت و کەناڵانەش کە نزیکن لەو سێ ئەندام پەرلەمانەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا "ئەحمەدی حاجی رەشید و هوشیار عەبدوڵاو سەرکەوت شەمسەدین". وتوێژی توندو بریندارکەر بڵاوبوونەوە، تەنانەت ناو لێنانیان وەکو خائین. هەروەها بڵاوبونەوەی ئەو دەنگۆیانەی گوایە ئەم سێ پەرلەمانتارە بە دژی هەرێم کارییان کردووە و لە دادگای فیدڕاڵ سکاڵایان لەسەر دیار نەمانی موچەی فەرمانبەران کردووە.
لەو بارەیەوە پسپۆری بوارەکانی یاسا حاکم شێخ لەتیف لای وایە تەنها لە دادگای فیدراڵ دەتوانرێت سکاڵا لە دژی هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێت و کاریگەری دەبێت، نەوەک هەر دادگایەکی تری عێراق، کە هیچ کاریگەرییەکیان نابێت.
دەشڵێت "هیچ پەرلەمانتارێک لە دادگای فیدڕاڵ سکاڵای لەسەر هەرێمی کوردستان تۆمار نەکردووە، یەک سکاڵا هەیە پەیوەستە بە حکومەتی فیدڕاڵ لە دژی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە، بە ئێستاشەوە یەکلا نەبۆتەوە. هەر ئەندام پەرلەمانێک وا بانگەشە بکات و بڵێت کردوومە، تەنها قسەی سەر تەلەفیزیۆنە."
حاکم شێخ لەتیف وەک شارەزای یاساو ئەندامی پێشووی پەرلەمان لەسەر لیستی گۆڕان باس لەو لەمپەرە یاساییانەش دەکات کە ئەندام پەرلەمان ناتوانێت لەسەر پرسی موچە ئەو سکاڵایە تۆمار کات یان تۆماری بکەن. دەشڵیت"فەرمانابەران خۆیان دەتوانن ئەو سکاڵایە تۆمار بکەن وەک لایەنی سەرەکی زیان لێ کەوتوو، ئەویش لە رێگای پارێزەرەوە، چونکە مەرجی یاساییان تێدایە، بەڵام پەرلەمانتار بیشی کات لە دادگای فیدڕاڵ رەد دەکرێتەوە، چونکە مەرجی سکاڵاکەریان تیا نییە، یەکەم دەبێت شایستەیی هەبێت، دووەم دەبێت بەشێک بێت لە سکاڵاکە، سێهەم دەبێت زەرەر مەند بێت، خۆ موچەی خۆیان لای حکومەتی هەرێم نییە."
لە گفتوگۆکە باس لەوەش کراوە وروژاندنی هەستی خەڵک بۆ ماوەیەک لە لایەن هەر کەس و لایەکەوە بێت چۆن لێی دەڕوانێت، لەو بارەیەوە حاکم شێخ لەتیف دەڵێت "ئەوە دیاردەیەکی زۆر ناشرینە هەندێک سیاسی و پەرلەمانتاران پەنای بۆ دەبەن، خۆ بە پاڵەوانکردن، خەڵکیش زاکیرەی کورتە زوو شتی بیردەچێتەوە، من یان تۆ یان هەرکەسێکی دی کەلە تەلەفزیۆن قسەیەک دەکەن، بەدواداچوونی بۆ ناکەن، ئەوان دەڵێن ئێمە سکاڵامان تۆمار کرد یان دەیکەین، لێیان بپرسنەوە، کوا سکاڵاکەت کێت دا بەدادگا؟، ئەگەر بۆ خۆدەرخستن و مەرامی دی بێت، بەڕاستی کارێکی ناشرینە، شەڕی دەروونییە لەگەڵ خەڵک، ئەو کەسانەی کە زەرەر مەندن."