ئەو پرسانەی تا ئەم سەروەختە وەک کۆمەڵێک بابەتی گرنگ و هاوپەیوەند بە ژیانی خەڵک و ئابوری هەرێمی کوردستانەوە لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمدا بە هەڵپەسێراوی ماونەتەوە تێکڕا نیگەرانی دروستکردووە بۆ هاوڵاتیان و هەندێک لە پەرلەمانتارانی کورد لەبەغدا.
رۆژێک لەمەوبەر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق د.عادل عبدالمهدی بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە (کاوە محەمەد) ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەفراکسیۆنی گۆڕان-ەوە کردوەو لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دوای ئەوەی باسیان لەکێشەکانی بودجە و مووچەی هەرێم کرد، سەرەک وەزیر تەئکیدی لەوە کردەوە کە پێویستە حکومەتی هەرێم هاوکارێکی جدی حکومەتی فیدرال بێت و هەم مووچەی خەڵکی هەرێم لەکاتی خۆیدا دابەشبکات و هەم رۆژانەش بەپێی یاسای بودجەی (٢٠١٩) بڕی (٢٥٠ هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و هەردوولاش کار بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان و بە دامەزراوەیی و شەفافکردنی کەرتی نەوت بکەن. باسیشیان لەکێشە و گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجە کرد و تەئکیدیانکردەوە کە لەسەر هەنگاوەکان بۆ بەدوورخستنەوەی مووچەی خەڵکی هەرێم لەکێشەکانی هەرێم و بەغددا.
بەڵام هێشتا نادڵنیایی و ناڕوونی و زامنکردنی ئەم پرسە یەکلایی نەبۆتەوە، بۆ ئەو مەبەستە ئاسۆ جەبار وتووێژێکی تایبەتی لەگەڵ پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان کاوە محەمەددا سازکردووە.
کاوە محەمەد دەڵێت: "حکومەتی هەرێم خۆی بەرپرسیارە لەو دۆخە، ئەوەی ئێستاکە لەئارادایە ئەمە دەرئەنجامی لێکەوتەی سیاسەتی شکستخواردووی حکومەتی هەرێمە لەبواری نەوت و موچەی خەڵک و داخرانی ئەم حکومەتەدا."
کاوە محەمەد باس لەوە دەکات کە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و بەرپرسە حیزبییەکان دێنە سەر تەلەفیزیۆن و باسی سەرکەوتنەکانیان دەکەن و دەڵێت "سەرکەوتنی چی لەکاتێکدا موچەی خەڵک ببڕیت و پاشەکەوتی زۆرەملێت سەپاندبێت بەسەر خەڵکداو قەرزاری چەندین مانگی موچی خەڵک بیت."
دەشڵێت "ناشەفافیەت و گەندەڵی لەهەرێمی کوردستاندا زۆر زیاترە لەچاو عێراقدا."
سەبارەت بەوەی کە حکومەتی هەرێم چ نمونەیەکی پێشکەش دەکات دەڵێت "با ئێمە نەبینە نمونەیەکی خراپ و ناشرین و گەندەڵی لەعێراق و لەدنیادا."