Accessibility links

وردەکاری کێشە و ئاڵۆزیەکانی عێراق و هەرێم


مستەفا کازمی کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت، هۆشداری داوەتە لایەنە شیعیەکان گەر فشارەکانی سەری بەردەوام بن، هاوکات ناکۆکیەکانی نێوان هەرێم و بەغداش لە سەر بودجە هێشتا بەردەوامیان هەیە.

مشت و مڕی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق، لەکاتێکدایە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی لە کۆتایی تەمەنیدایە، لایەنە شیعیەکانیش گرفتاری دەست ناکۆکی نێوخۆیی و بە"ناچاری"ڕازیبوونن بە کازمی.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، مستەفا کازمی هەڕەشەی وازهێنانی لە لایەنە شیعیەکان کردووە، بۆیە لایەنە شیعیەکان هۆشداریەکەی ناوبراویان بەهەند وەرگرتووە، لەئێستادا کێشەیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ کازمی نەماوە، بەڵکو ناکۆکیەکان لەسەر پشکە حکومیەکان بۆ نێوخۆیان گواستراوەتەوە.

جەمال ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کاتێک مەسەلە دێتە سەر دابەشکردنی پشک و پشککاری، ڕێککەوتن زۆر زەحمەتە، چونکە هەموو لایەنەکان بەشیان دەوێ، پشکەکەش هێندە زۆر نیە، هەموویانی پێ ڕازی بکەیت."

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا،لایەنە شیعیەکان تاڕادەیەکی زۆر لەسەر متمانەدان بە مستەفا کازمی کێشەیان نەماوە، بەڵام لەنێوخۆیاندا هێشتا ناکۆکی هەیە، ئەمەش پەیوەستە بە چۆنیەتی دابەشکردنی پشکەکانیان لەحکومەت.

زانیاریەکان ئاماژەبەوەش دەکەن، لایەنی کوردی و عەرەبی سونەش، نەرمی یان نواندووە و لە پێداگیریەکانیان بەرامبەر کازمی پاشەکشەیان کردووە، بۆیە لە ئێستادا مەسەلەکان لەسەر رێککەوتنی لایەنەکان خۆیان ماوەتەوە، نەک لەسەر مەسەلە پەیوەندیدارەکانی نێوان ئەو لایەنانە و کازمی.

لە تویتێکدا، مستەفا کازمی کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت، ڕایگەیاندووە"پێویستە لایەنەکان بەرژەوەندی عێراق لە پێشەوە دابنێن، تەنها ئەو گوشارانە قەبوڵ دەکەم کە لەبەرژەوەندی عێراقن."

بەپێی وتەی سەرچاوەیەک لە بەغداوە بۆ دەنگی ئەمەریکا، لایەنە شیعیەکان سەرقاڵی گفتووگۆی نێوخۆیی و ڕێککەوتنن، هیچ گرفتێکی ئەوتۆیان لەگەڵ کازمی نەماوە.

لەکاتێکدا مشت و مڕەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بەردەوامن، حکومەتی ئێستای عێراق بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیووە، تا ساتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هەرێم و بەغدا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر ئەو پرسە، وەفدێکیش بۆ ئەو مەبەستە بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لەهەرێمەوە دەڕواتە بەغدا.

هەندێک هۆکاری ڕاگرتنی بودجەی هەرێم لەلایەن حکومەتی ئێستای عێراقەوە، کە عادل عەبدولمەهدی سەرۆکایەتی دەکات و بە نەرمترین کارەکتەری شیعە بەرامبەر بە کورد هەژمارد دەکرێت، بۆ فشارەکانی سەری لەلایەن هێزە شیعیەکانەوە دەگێڕنەوە.

هەندێکی تر، پێیانوایە عادل عەبدولمەهدی نیازی مانەوەی هەبووە لە پۆستەکەیدا، بەڵام هەرێمی کوردستان وەکو پێویست پشتیوانی نەبوون، لەکاتێکدا ئێرانیەکان لەم پرسەدا هەماهەنگ بوون لەگەڵی.

جەمال ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق، پێیوایە بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، چوار هۆکاری سەرەکی هەیە، وەکئەو دەڵێت"فشارەکانی سەری لەلایەن لایەنە شیعیەکانەوە، عەبدولمەهدی ناچارکرد بودجەی هەرێم ببڕێت، چونکە شیعەکان پێانوایە خۆپیشاندان ناوچەکانی گرتوونەتەوە و کورد و سونە هەماهەنگ نەبوون."

دەشڵێت"شیعەکان پێیانوایە کورد و سونە هاوکارنەبوون بۆ دانانی ئەو کەسانەی ویستوویانە بیکەنە سەرۆک وەزیر، هەروەها واشیدەبینن کورد و سونە لەسەر نەوتی ناوچە شیعیە نیشینەکان دەژین و هیچ بەرهەمێکیان بۆ عێراق نیە، ئەمە جگە لەوەی بێزاریشن لە لاوازبوونی پێگەی خۆیان و مانەوەی لایەنەکانی تر."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، لایەنە شیعیەکان هێشتا سورن لەسەر بڕینی پارەی ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتەکەی کە هەرێمی کوردستان لەماوەی ساڵێک و سێ مانگدا ڕادەستی نەکردووە، لەبەرامبەردا مانگانە 453 ملیار دیناری وەرگرتووە.

پلانی لایەنە شیعیەکان ئەو بڕە پارەیە لە پشکی هەرێم بۆ ساڵی نوێ ببڕن، لەکاتێکدا هەموو هەوڵەکانی هەرێم بۆ ڕێگرتنە لەم پلانە، چونکە بودجەکەی بەتەواوەتی کەمدەکات.

فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"بڕینی بودجەی هەرێم نایاساییە، چونکە بەپێی یاسای بودجە، گەر هەرێم نەوتەکەش ڕادەست نەکات، ئەوان بودجە دەنێرن."

فازڵ نەبی، ئاماژەی بەوەشکرد لە کۆتایی ساڵی رابردوودا، بەغدا هەندێک هاوکاری هەرێمی کردووە، ڕەنگە بۆ لەمەودوا داوای ڕێککەوتنی نوێ بکات، وتی"هاوکاریەکە ئەوەیە گەر هەرێم نەوتیش نەدات، بەغدا 453 ملیار دینارەکە بۆ هەرێم بنێرێت."

بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن حکومەتی ئێستای عێراقەوە بەسەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی، لەکاتێکدایە دەنگێکی زۆر لەنێو لایەنە شیعیەکاندا بەرز بووەتەوە، داوای دادگایی کردنی ناوبراو دەکەن، لەبەرامبەر ناردنی بودجە بۆ هەرێم بەبێ ڕادەستکردنی نەوت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:41 0:00


XS
SM
MD
LG